ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە 12 ملیۆن خوێندكار، دەرگای خوێندگاكان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لە عیراق، كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كرایەوە.
لەوبارەیەوە دكتۆر فەلاح قەیسی،بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی بەغداد و بریكاری بەوەكالەتی وەزارەتی پەروەردەی عیراق راگەیاند: ئەمڕۆ زیاتر لە 12 ملیۆن خوێندكار لە سەرجەم قۆناغەكان روویان لە ناوەندەكانی خوێندن كردووە،سەبارەت بە ژمارەی ئەو خوێندكارانەی كە ئەم ساڵ بۆ یەكەمجار دەچنە بەر خوێندن، د. فەلاح قەیسی وتی: زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 هەزار خوێندكار لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی بۆ ئەم ساڵ ناویان تۆمار كراوە.
هاوكات لەگەڵ كردنەوەی خوێندگاكان و ساڵی نوێی خوێندن لە عیراق،لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیش پرۆسەكە دەستیپێكردو بۆ ئەمساڵ خوێندكارانی خوێندنی كوردی لە كەركوك، خورماتوو و شنگال بۆ نزیكەی 125 هەزار بەرزبووەتەوە، لە سنووری پارێزگای كەركوك، خوێندنی كوردی ئەم ساڵ پێشوازی لە 105 هەزار خوێندكار دەكات لە ناو 562 خوێندنگا، لە قەزای خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینیش، ژمارەی خوێندكارانی خوێندنی كوردی گەیشتووەتە نزیكەی پێنج هەزار خوێندكار لە نێو 35 خوێندنگا ، لە كاتێكدا لە ساڵانی رابردوو چوار هەزار و 500 خوێندكار بوون و چاوەڕوان دەكرێت تا مانگەكانی 11 و 12 خوێندكاری زیاتریش لە عەرەبییەوە بێنە خوێندنی كوردی