لیوا خالد تەمیمی فەرماندەی هێزی ئاسمانی عیراق رایدەگەیەنێت ، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە هیچ هێزێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەركەكانیان لە ناو خاكی عیراقدا ئەنجام نەداوە.
فەرماندەی هێزی ئاسمانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە، هەموو ئەركە ئاسمانییەكان لە ناوخۆی عیراق بە سەربەخۆیی تەواو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن ، هەروەها فڕۆكەكانی ئێف 16زیاتر لە 10 رۆژە بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی ئەركەكانیان ئەنجامداوە و ئێستا چاككردنەوەی فڕۆكەكانی ئێف 16 لەلایەن كارمەندانی عیراقییەوە بە رێژەی سەدا 100 ئەنجام دەدرێت.
بە وتەی خالد تەمیمی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی عیراق لە ئەركەكانی سیخوڕیدا جێگەی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیان گرتۆتەوە و رۆژانە ڕووپێوییەكی ئاسمانی تەواویان هەیە بەسەر هەموو خاكی عیراق، هەروەها هێزی ئاسمانی لە سەرەتای شەڕی داعشەوە تا ئێستا 58 هەزار و 822 ئەركی ئەنجامداوە .
ئەو فەرماندەیە جەختیشی كردەوە لەوەی،ئێستا مەترسی تیرۆر زۆر سنووردارە بەهۆی وریایی هاووڵاتیان و توانای ئەمنی و ئاسمانییەوە، عیراقیش دانوستان لەگەڵ وڵاتانی تر دەكات بۆ بەدەستهێنانی فڕۆكەی پێشكەوتوو لەوانەش رافال، هەروەها هەوڵدەدەن هێزێكی ئاسمانی گەورەتر دروستبكەن كە پێگەیەكی دیاریكراوی لە ناوچەكەدا هەبێت،تەمیمی ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵ هەیە بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ناوخۆدا و دامەزراندنی فەرماندەیی تایبەت بۆ ئەم چەكە.