ئەنجومەنی وزاری ئابووری عیراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 پەسەند كرد و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، ئەندامێكی لیژنەی دارایش دەڵێت، مووچەی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاساكەدا جێگیركراوە، هەروەها نرخی بەرمیلێك نەوت لەناو پرۆژە یاساكە بە 80 دۆلار جێگیركراوە.
عەبدولزەهرا هنداوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە رۆژنامەی سەباح راگەیاندووە،سەركەوتنی حكومەت لە كۆتاییهێنان بە یاسای بودجەی گشتی لەم قۆناغە سەرەتاییەدا، جەخت لەسەر پابەندبوونی حكومەت دەكاتەوە بۆ تەواوكردنی لە وادەی دەستووری و یاسایی.
هنداوی روونیشیكردەوە ئەم بودجەیە گرنگییەكی ناوازەی هەیە، چونكە لە ڕووی پێكهاتەوە جیاوازە، لە هەندێك بەشدا رێبازی بەرنامە و ئەنجام لەبری ڕێبازی تەقلیدی بابەتی گرتۆتەبەر.
راشیگەیاند،ئەم گۆڕانكارییە سیستماتیكییە نوێنەرایەتی پایەیەكی بنەڕەتی دەكات لە چاكسازی لە بەڕێوەبردنی دارایی گشتی، هەمەچەشنكردنی ئابووری، وردە وردە پشتبەستن بە خەرجییە نەوتییەكان كەمدەكاتەوە، بە وتەی عەبدولزەهرا هنداوی ،ئامانجی ئەم رێبازە باشتركردنی داتای خەرجییەكان و دەستنیشانكردنی پێوەرەكانی ئەدای واقیعی و بەستنەوەی بودجەی ساڵانە بە ئامانجەكانی پلانەكانی گەشەپێدان، ئەم گۆڕانكارییە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی كۆنترۆڵی بابەتەكان نییە، بەڵكو ئاڕاستەكردنەوەیە لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا.
بە وتەی ئەو لێپرسراوە،ئەم دەستكەوتەكە دەرئەنجامی كۆبوونەوە بەردەوامەكانی كاركردنە كە لەلایەن لیژنەی باڵای ئامادەكردنی بودجەوە كە بەسەرپەرشتی فالح ساری وەزیری دارایی ئەنجامدرا، ئەم دیدارانە بریتی بوون لە میوانداریكردنی نوێنەری وەزارەتە جیاوازەكان، هەرێمی كوردستان، و پارێزگارەكان، هەروەها ڕاوێژكردن لەگەڵ پسپۆڕانی دارایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
هەر لەوچوارچێوەیەشدا دیلان غەفور ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند،لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 مووچەی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا جێگیركراوە و گرەنتی دراوە مانگانە لەكاتی خۆیدا بنێردرێت و بڕیاریشدراوە نرخی بەرمیلێك نەوت لە بودجەدا بە نزیكەی 80 دۆلار خەمڵاندنی بۆ بكرێت و بەهای فرۆشتنی دۆلار كە ئێستا 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێك، وەك خۆی نامێنێتەوە و دەستكاریی دەكرێت.