سوریا دەست بە گواستنەوەی بەنزینی هاوردەكراو بۆ عیراق دەكات

عیراق 10:11 AM - 2026/09/28

حكومەتی سوریا رایگەیاند، دەستیكردووە بە گەیاندنی بەنزینی هاوردەكراو بۆ عیراق لە رێگەی تەنكەرەوە،ئەمەش دوای ئەوە دێت كە بەهۆی جەنگ و داخرانی گەرووی هورمز، بازرگانیی دەریایی نەوت لە كەنداودا پەكیكەوتووە.

وەرن با بۆتان باسبكەم پڕۆسەی گواستنەوەی بەنزینەكە بۆ عیراق چۆن دەكرێت ، بەنزینەكە سەرەتا بە كەشتی دەگاتە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست لە سوریا، لەوێ دەخرێتە ناو تەنكەر و لە رێگەی وشكانی و بە دەروازەی سنووریی تەنەفدا دەگەیەندرێتە ناو خاكی عیراق. كاروانەكە پێنجشەممەی رابردوو  بە 57 تەنكەر دەستیپێكردووە، بەڵام پلانیان داناوە رۆژانە بیگەیەننە 200 تەنكەر.

كۆمپانیایەكی قەتەری بەنزینەكە لە وڵاتانی جیهان دەكڕێت و حكومەتی سوریاش لە بەرامبەر بڕێك پارەدا ئەركی گواستنەوەكەی گرتووەتە ئەستۆ.
لە مانگی نیسانەوە عیراق رۆژانە نزیكەی هەزار و 200 تەنكەر نەوتی خاو بە نێو سوریادا دەنێرێتە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆی لە گەمارۆی  گەرووی هورمز بەدوور بگرێت، ئێستاش بە پێچەوانەوە، لە هەمان رێگەوە بەنزین بۆ ناوخۆی عیراق دەهێنرێتەوە.
هاوكات هەردوو وڵات لە هەوڵی ئەوەدان بۆرییەكی كۆنی نەوتی نێوانیان چاكبكەنەوە، تا لە بری تەنكەر، نەوت راستەوخۆ بە بۆری لە نێوان عیراق و سوریادا بگوازرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو