بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی ئێران، ئەم بەیانییە سوپای ئەمریكا كەشتییەكی نەوتی ئیرانی لە نزیك دوورگەی خارگ كردووەتە ئامانج، بەڵام بە رەسمی زیانەكانی هێرشەكە لەلایەن ئێران و ئەمریكاوە رانەگەیەنراوە.
هێرشەكان لە كاتێكدایە، لێپرسراوانی واشنتۆن و تاران، بانگەشەی دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی گەرووی هورمز دەكەن.
بەوتەی وەزیری نەوتی ئێران، هێرشە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ سەر دوورگەی خارگ نەیتوانیوە هەناردە و فرۆشی نەوتی ئێران رابگرێت. موحسین پاكنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران، لە چاوپێكەوتنێدا وتی، لە كاتی دەستپێكی هێرشەكان لە جەنگی 40 ڕۆژە و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر گەرووی هورمزدا، ئێران ڕووبەڕووی سنوورداركردنی قورس بووەوە. سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، پڕۆسەی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت بە دووری هەزاران كیلۆمەتر لە ناوچەی كەنداو بەردەوامی پێدرا.
دوورگەی خارگ دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی كەنداوی فارس و سەر بە پارێزگای بۆشەهرە، كە نزیكەی 25 كیلۆمەتر لە كەناراوەكانی ئێرانەوە دوورە و ئەم دوورگەیە بە گرنگترین ناوەندی هەناردەكردنی نەوتی خاوی ئێران هەژمار دەكرێت، بە شێوازێك كە زیاتر لە 90٪ـی نەوتی هەناردەكراوی ئەم وڵاتە لە ڕێگەی لەنگەر و بەندەرە نەوتییەكانی ئەم دوورگەیەوە ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت.