فالح ساری: شێوازی نوێی بودجە گەندەڵی ناهێڵێت  

عیراق 03:07 PM - 2026/09/04

   فالح ساری وەزیری دارایی عیراق رایدەگەیەنێت، شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجام كە بۆ یەكەم جار لە عیراق جێبەجێ دەكرێت، گەندەڵی ناهێڵێت و وەزارەتەكەی ناچار دەكات پەنا بۆ  خۆكاركردن ببات.  
فالح ساری لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەكانی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 و هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق وتی،ئەوەی لە بودجەی ئەم ساڵدا نوێیە، ئەوەیە كە ئێمە جدین لە هەنگاونان لە بودجەی بڕگەوە بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجام. ئەمە هەنگاوێكە كە وەزارەت بڕیاری لێداوە و ناكرێت بە هیچ شێوەیەك لێی پاشگەز ببینەوە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان و سەرەڕای هەموو ئەوانەی ئێستا روودەدەن، ئێمە وەك وەزارەت جدین لەو گۆڕانكارییە. فالح ساری راشیگەیاند،بودجەی بەرنامە و ئەنجام واتە گواستنەوەی وڵات بۆ ئاستێكی ئابووریی نوێ، بەوپێیەش وەزارەت ناچارە بەرەو خۆكاركردن بڕوات. خۆكاركردن بە واتای نەمانی گەندەڵی و گەیشتنە بە وڵاتانی پێشكەوتوو، خۆكاركردن بەمانای كەمكردنەوەی دەستوەردانی مرۆڤە لە هەموو چالاكییەكدا.
ئەوە یەكەم جارە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پەنا بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجام ببات، پێشتر لەسەر شێوازی بودجەی بڕگە كاری دەكرد، شێوازە نوێیەكەی بودجە، خەرجییەكان بەپێی سێكتەر جیا دەكاتەوە نەك وەزارەتەكان، هەر سێكتەرێك خەرجیی بۆ تەرخان دەكرێت و وابەستەی ئەنجامەكانی دەكرێت، كە دەبێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا جێبەجێ بكرێت.
بڕیارە وەك قۆناغی یەكەم و بەشێوەیەكی ئەزموونی، بودجەی بەرنامە و ئەنجام لە هەردوو پارێزگای دیوانییە و سەڵاحەدین، هەروەها وەزارەتی كارەبا و دارایی جێبەجێ بكرێت..

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو