وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەڵێت، لەم وەرزەدا بەرهەمی خورما لە زیادبووندایە و لەچەندین جۆردا وڵاتەكەمان خۆبژێوی بەدەستهێناوە، دیارترینیان جۆری زەهدییە، تەئكیدیش دەكاتەوە ژمارەی دارخورما لە عێراق گەیشتووەتە 22 ملیۆن، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر زیاتر لە 32 ملیۆن دارخورما بووە
قوسەی ئەلحەتاب لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیكردەوە، بەسرە پێشەنگی پارێزگاكانی عێراقە لە بەرهەمهێنانی خورمادا، پێشتر نزیكەی 13 ملیۆن دارخورما تێدا بووە كاتێكدا كۆی گشتی دارخورما لە عێراق گەیشتبووە 32 ملیۆن. ئەمەش ئەو ئاستەیە كە وەزارەت هەوڵدەدات پێی بگاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەوەی خستەڕوو، كە بەربەستێك لە بەردەم پەرەپێدانی ماركێتینگ و پیشەسازیی خورمادا هەیە، ئەویش دابەزینی ژمارەی كارگەی تایبەتمەند بەراورد بە ئاستی پێش ساڵی ٢٠٠٣، لەگەڵ دابەزینی ژمارەی ئەو كەسانەی لەو كەرتە كاردەكەن ئەمەش ئەگەری سوودی ئابووری زیاتر لە گەشەی بەرهەمهێنانی خورما سنووردار دەكات.
بەگوێرەی ئاماری سەندیكای جووتیارانی عێراق ، كەرتی خورما لە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا باشتربووەو لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دارخورما و فراوانبوونی باخەكانی خورما بەرهەمی ساڵانەش ئێستای بە زیاتر لە ٨٥٠ هەزار تۆن خەمڵاندووە.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، هەناردەی عێراق لە ساڵی 2025دا 600 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ئەو بەرهەمە.