بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، رێككەوتنی نێوان ناوەندی داهێنانی دوبەی و دامەزراوەی فاوندەیشن ئیمزا كرا.
لە رێوڕەسمێكدا لە وڵاتی ئیمارات، بە سەرپەرشتی و چاودێریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران رێككەوتنێك بۆ كاری هاوبەش لەنێوان ناوەندی داهێنانی (دی ئای ئێف سی )ی دوبەی و دامەزراوەی فاوندەیشن ئیمزا كرا.
بەپێی رێككەوتنەكە رێڕەوی داهێنانی دوبەی - سلێمانی دادەمەزرێت كە ستارتئەپە نوێیەكانی كوردستان بە دوبەیەوە دەبەستێتەوە و پەیوەندی و هاوكاریی راستەوخۆ لەنێوان داهێنەران و كارسازانی كوردستان و ئیمارات دروست دەبێت بە جۆرێك كە وەبەرهێنەرانی ئیماراتی و كۆمپانیا و هاوبەشانی (دی ئای ئێف سی ) وەبەرهێنان لەسەر بیرۆكە داهێنەرانەكانی كوردستان دەكەن و هاوكاری پێشكەشی ئەو كۆمپانیانە دەكەن كە پشتیان بە بیرۆكەی داهێنەرانە بەستووە و زەمینەی گەشەپێدانیان زیاترە.
دامەزراوەی فاوندەیشن كە وەك پلاتفۆرمێك بۆ خزمەتكردنی كوردستان و هەموو عیراق كار دەكات، لە رێگەی ئەم هاوبەشییەی لەگەڵ (دی ئای ئێف سی ) دەیەوێت یارمەتی ستارتئەپەكان و كارسازانی داهێنەر و دەستپێشخەر بدات تا بتوانن داهێنان و بزنسەكانیان بە جۆرێك پەرەپێبدەن كە توانای ركەبەرییان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا هەبێت و سلێمانیش وەك ناوەندێكی گرنگی داهێنان لەسەر ئاستی ناوچەكە بناسرێت.
لەم بارەیەوە و لای خۆیەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: لە دوبەی، رێڕەوێكی نوێمان بۆ گەشەپێدانی داهێنان، كارسازی و بەهێزكردنی توانای گەنجەكانمان كردەوە. رێككەوتنی هاوبەشیی نێوان ناوەندی داهێنانی ئینوڤەیشن هەب و سەنتەری فاوندەیشن هەب دەبێتە هۆی بەستنەوەی كۆمپانیا گەشەكردووە نوێیەكان لە كوردستان بە دوبەیەوە. قوباد تاڵەبانی وتیشی: لە ڕێگەی ئەم هاوكارییەوە، سەرمایەگوزاران لە ئیمارات و هاوبەشەكانی (دی ئای ئێف سی) پشتگیری پێشكەش بەو كۆمپانیایانە دەكەن كە خاوەن بیرۆكەی داهێنەرانەن.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: ئەم رێككەوتنە دەرفەتێكی نوێ بۆ گەنجە داهێنەرەكانمان دەڕەخسێنێت بۆ ركابەریكردن لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەگەڵ بەهێزكردنی پێگەی سلێمانی وەك ناوەندێكی گرنگی داهێنان.
قوباد تاڵەبانی ئاشكراشیكردووە، ئامانجی باڵای ئەم پڕۆگرامە بریتییە لە پەرەپێدانی پردێكی ئاڵوگۆڕی داهێنان لە نێوان دوبەی و سلێمانیدا. لە مەودای درێژخایەندا، ئەمە رێگە بە سەرمایەگوزاران و كۆمپانیاكانی ئیمارات دەدات تا دەرفەتە سەرهەڵداوەكانی ناو دیمەنی تەكنەلۆژیی كوردستان بدۆزنەوە و سوودی لێ وەرگرن.