ئەمریكا بە بەهای زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار كەرەستەی سەربازی بە سعودیە دەفرۆشێت

عیراق 09:47 AM - 2026/09/05

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەزامەندی دا لەسەر فرۆشتنی ژمارەیەك كەرەستەی بەرگری بە سعوودیە كە بەهاكەی پێنج ملیار و 750 ملیۆن دۆلارە، ئەم هەنگاوە وەك فراوانكردنی هاوكارییە سەربازییەكان‌و پتەوكردنی پەیوەندییە بەرگرییەكانی نێوان واشنتۆن و ریاز هەژمار دەكرێت.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ فرۆشتنی چەك بە سعوودیە، رەزامەندییەكان دوو گرێبەستی سەرەكی دەگرنەوە، لە گرێبەستی یەكەمدا، دابینكردنی تەقەمەنیی هێرشبەری دوورمەودای هاوبەش (جەی دی ئەی ئاڕ) بە بەهای پێنج ملیار دۆلار دیاریكراوە و كۆمپانیای بۆینگ ئەركی جێبەجێكردنی وەك گرێبەستكاری سەرەكی لە ئەستۆ دەگرێت.

لە گرێبەستی دووەمدا، دابینكردنی بزوێنەری جۆری AGT-1500 بە بەهای 750 ملیۆن دۆلار پەسەند كراوە، كە كۆمپانیای هانی وێڵ وەك گرێبەستكاری سەرەكی بۆ ئەم بەشە دەستنیشان كراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تەئكیدیكردەوە، ئەو ئاگادارینامانەی نێردراون تەنیا رێگەپێدانی فرۆشتنن بەگوێرەی یاساكانی ئەمریكا، هەروەها روونیكردەوە، ئەمەش بەو مانایە نییە كە رێككەوتنەكان تا ئەم ساتە یەكلایی كراونەتەوە یان بە شێوەی كۆتایی لە نێوان هەردوولادا ئیمزاكراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو