ئێران ستراتیژی نوێ بەرامبەر ئەمریكا پەیڕەو دەكات

عیراق 10:55 AM - 2026/09/05

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا كە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردووەتەوە، ئێران متمانەیەكی زیاتری بە تواناكانی خۆی پەیداكردووە بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، تاران پێداگرە لەسەر درێژەدان بە ململانێكان بۆ چەندین مانگی تر، بە ئامانجی ماندووكردنی ئەمریكا و پەكخستنی هەوڵەكانی لە ناوچەكەدا.
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەكان دەریدەخەن، حكوومەتی ئێران دوای ماوەیەك لە جەنگی ناوبەناو، تێگەیشتنێكی باشتری بۆ خاڵە بەهێزەكانی خۆی پەیدا كردووە.

لەم دواییانەدا تاران هێرشەكانی بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز و هێزەكانی ئەمریكا چڕ كردووەتەوە. پسپۆڕان پێیان وایە كە گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر بۆ كۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە ئێستا زۆر قورسە، چونكە تاران هیچ ئامادەییەكی بۆ گفتوگۆ نیشان نەداوە.

بەپێی راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز، هاككەرە ئێرانییەكان لە پشت هێرشە ئەلیكترۆنییەكانی ئەم دواییانەی سەر سیستەمی دابەشكردنی ئاو بوون لە چەند ولایەتێكی ئەمریكا. هەرچەندە ئەم هێرشانە نەبوونەتە هۆی ژەهراویكردنی ئاو، بەڵام بوونەتە هۆی پەككەوتنی سیستەمەكان لە ژمارەیەك ناوچە و ناچاركردنی خەڵك بۆ بەكارهێنانی ترومپای ئاو. هەروەها مەترسی هەیە لە داهاتوودا ژێرخانی نەوت و گازی ئەمریكاش بكرێنە ئامانج.

لێپرسراوانی ئەمریكی پێیان وایە ئێران دەیەوێت جەنگەكە تا كاتی هەڵبژاردنە نیوەی ئەمریكا درێژ بكاتەوە. تاران وای دەبینێت كە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەردەوامیی جەنگ، فشارێكی سیاسی گەورە دەخاتە سەر دۆناڵد ترەمپ و پارتی كۆمارییەكان، ئەمەش وەك كارتێكی فشار بۆ لاوازكردنی پێگەی ترەمپ بەكاردەهێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو