سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، داوای كۆنترۆڵكردنی چەك لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەكات و دەڵێت، پێویستە گرووپە چەكدارەكان چەكەكانیان تەسلیمی حەشدی شەعبی بكەن، هاوكات پرۆژەیەكیش بۆ فرەچەشنكردنی هێڵەكانی هەناردەی نەوتی عیراق دەخاتەڕوو.
عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی ڕایگەیاند، پێویستە چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، ئەوەش لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە بێت. وێڕای ستایشی گرووپە چەكدارەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، تەئكیدی كردەوە كە دەبێت چەكەكانیان تەسلیمی حەشدی شەعبی بكەن، چونكە دامەزراوەیەكی ئەمنیی فەرمیی دەوڵەتە.
لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە، عەممار حەكیم وتی، عیراق بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتەوە ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە. بەداخەوەین كە عێراق بۆریی نەوتی بەرەو دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور نییە، ئەگەر ئەو بۆریانەی هەبووایە، ئێستا دەمانتوانی سوود لە بەرزبوونەوەی نرخەكان وەربگرین و قەیرانەكە تێپەڕێنین.
سەرۆكی ڕەوتی حیكمە داوای كرد ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەپێی پێویستیی ناوخۆ و ژمارەی دانیشتووان بەرز بكرێتەوە، هاوكات كار بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بكرێت تاوەكو سەرچاوەكانی داهات فرەچەشن بن.