تەمویلی مووچەی مانگی تەمموز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

کوردستان 01:03 PM - 2026/08/17

تەمویلی مووچەی مانگی تەمموز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بڕی (830,782,000,000) هەشت سەد و سی ملیار و حەوت سەد و هەشتا و دوو ملیۆن دینار، وەک تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.
هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز، لە کۆی گشتیی تەموویلی مووچەکە بڕیوە (کەمکردووەتەوە).
هاوکات، هه‌ر لە چوارچێوەی تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزدا، بڕی (3,326,931,000) سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار دینار نەنێردراوە، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.
تێبینی؛ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوەو لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز دەکرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو