دەسەڵاتی دادوەری: بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێم دەستمان بەسەر 20 ملیۆن دۆلار و 60 كیلۆ زێڕدا گرت

کوردستان 09:54 AM - 2026/08/16

دادگەی تاوانەكانی تایبەت بەنەهێشتنی گەندەڵی لەعیراق رایگەیاند، بەهەماهەنگی  لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەست بەسەر بڕێكی زۆر پارە و زێڕدا گیراوە كە پەیوەندییان بەدۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی  بریكاری وەزارەتی نەوتەوە هەیە.

دادوەری لێكۆڵینەوە لەدادگای تاوانەكانی ناوەندیی نەهێشتنی گەندەڵی، لەبەیاننامەیەكدا كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق  بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دەست بەسەر بڕی 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلاری ئەمریكی و 200 ملیۆن دیناری عیراقیدا گیراوە.

جگە لەو بڕە پارەیە، توانراوە 60 كیلۆگرام زێڕ بگەڕێندرێتەوە و دەست بەسەر حەوت ئۆتۆمبێلیشدا بگیرێت، كە پەیوەندیان بە دۆسیەی، تۆمەتباری دەستگیركراو عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت ، ئەو لایەنانە هەیە كە لەگەڵیدا بوون.دادوەر ئاماژەی بەوەشكردووە،لێكۆڵینەوەكان بەردەوام دەبن و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر  بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت تا ئەو كاتەی ڕێكارە یاساییەكان دژی ئەوان تەواو دەبن.

حكومەتی عێراق لە 28-06-2026ـەوە هەڵمەتێكی فراوانی بۆ دەستگیركردنی بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی لەسەر بنەمای دانپێدانانەكانی عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن دەستپێكردووە.

تاوەكو ئێستا فەرمانی دەستگیركردن بۆ زیاتر لە 80 بەرپرس، پەرلەمانتار و كەسایەتیی سیاسی دەرچووەو تەنیا لە دۆسیەی بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن، تاوەكو ئێستا دەست بەسەر 206 ملیار و 200 ملیۆن دینار، 160 ملیۆن و 340 هەزار دۆلار، 560 كیلۆگرام زێڕ، 70 خانووبەرە و 28 ئۆتۆمبێلی مۆدێرن دا گیراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو