ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەرنامەی حكومەتی (2026-2029) پەسەند كرد

کوردستان 11:05 AM - 2026/08/12

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق، بەرنامەی  حكومەتی بۆ ساڵانی (2026-2029) پەسەند كرد، و بڕیاریدا ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت بۆ بڕیاردان، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،ئێوارەی رۆژی سێشەممە عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرۆكایەتیی چواردەهەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، كە كارنامەكەی سنووردار بوو بە پەسەندكردنی بەرنامەی حكومەت بۆ ساڵانی (2026-2029)، كە بڕیاردرا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی مادەی 10ی ئەنجومەنی وەزیران.ئاماژەی بەوەشكرد، بەرژەوەندیەكانی بەرنامەی حكومەت بەسەر (139) ئەولەویەتدا دابەشكرابوون، لە چوارچێوەی 14 كەرتی سەرەكیدا، كە نوێنەرایەتی بناغەكانی بەرنامەی وەزاری حكومەتی عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانیان دەكرد، ئەوانیش: بەهێزكردنی سەروەری دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی، چاكسازیی ئابووری و دارایی، پیشەسازی، حوكمڕانی، چاكسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی و پزیشكی، پەیوەندییەكان و تەكنەلۆجیای زانیاری، گەنجان و لاوان و  وەرزش، سیاسەتی دەرەوە، وزە، كشتوكاڵ، ئاو و ژینگە، پەروەردە، تۆڕەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، مافی مرۆڤ، ژنان و منداڵان، ڕۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنە مێژووییەكان ، جگە لە (13) یاسا كە لە كارەكانی حكومەتدا ئەولەویەتیان هەیە.
نوسینگەكە باسی لەوەشكردووە، بەرنامەی حكومەت پاكێجێكی سیاسەت و ڕێكار و ڕێڕەوی لەخۆگرتبوو، كە نوێنەرایەتی ئامانجەكانی كارەكانی حكومەت دەكەن، لە پێش هەموویانەوە: پەسەندكردنی بەرنامەیەكی نیشتمانی گشتگیر بۆ چاكسازیی دامەزراوەیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری، پێداچوونەوە بە یاساكانی پەیوەست بەم بابەتە، بەهێزكردنی سیستەمی یەكپارچەیی و شەفافیەت، فراوانكردنی وەبەرهێنان لە كانزا و سەرچاوە سروشتییە نانەوتییەكان، خێراكردنی پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی كەرتی بانكی حكومەت، كۆنترۆڵكردن و یەكخستنی دەروازە سنوورییەكان، دەستپێكردنی ستراتیژییەكی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری دیجیتاڵی گشتگیر، بەهێزكردنی ناوەندە نیشتمانییەكان بۆ گۆڕانكاری دیجیتاڵی و ئاسایشی ئەلیكترۆنی، بەرزكردنەوەی متمانە بە ژینگەی وەبەرهێنان، دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، و دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای سەقامگیری دارایی و دراوی.لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو،بەرنامەكە بریتی بوو لە تەرخانكردنی هەوڵەكان بۆ یەكخستنی بڕیاردانی ئەمنی و بەستنەوەی هەموو سەرچاوە و تواناكان بە سیستەمی دەوڵەتی و لەبەرچاوگرتنی سەربەخۆیی بڕیاردانی سیاسی عیراق و بەرنامەی ڕاهێنانی سەركردایەتی تایبەت بە بەهێزكردنی ژنان لە كاری حكومی و سیاسیدا .

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو