پڕۆژەی (هەژماری من) داوا لە مووچەخۆران دەكات پەلە بكەن لە خۆتۆماركردن و وەرگرتنەوەی كارتە بانكییەكانیان. بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دوای 31ی ئابەوە چیتر مووچە بە شێوەی نەختینە دابەش ناكرێت.
لە راگەیەندراوێكدا، پڕۆژەی (هەژماری من) هۆشداری دەدات، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران لە پڕۆژەكەدا خۆیان تۆمار بكەن، چونكە مووچە بەشێوەی نەختینە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە رادەگیرێت و دابەش ناكرێت.بۆ پاراستنی مووچەكانیان لە راگیران، پڕۆژەكە هانی مووچەخۆران دەدات پێش كۆتایی ئەم مانگە كارتەكانیان وەربگرنەوە. بەپێی ئامارەكان،ئێستا نزیكەی 150 هەزار كارت ماون كە لەلایەن مووچەخۆرانەوە وەربگیرێنەوە ، 80 هەزار كارتیش ئامادەن بۆ ئەوەی لە بانكە حكومییەكان وەربگیرێنەوە و نزیكەی 25 هەزار مووچەخۆریش ماون كە لە رێگەی پڕۆژەكەوە لە بانكەكان تۆمار بكرێن.
پڕۆژەی (هەژماری من) داوا لە مووچەخۆران دەكات ئاگاداری مۆبایلەكانیان بن، چونكە لە رێگەی كورتەنامەوە ئاگادار دەكرێنەوە كاتێك كارتەكانیان ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنەوە. لە كورتەنامەكەدا ئاماژە بە ناوی ئەو بانكە دەكرێ كە پێویستە كارتەكەی لێ وەربگیرێتەوە.