ئەمڕۆ دیاردەیەكی دەگمەنی خۆرگیرانی تەواو لە چەند ناوچەیەكی گۆی زەویدا ڕوودەدات و بەهۆی جیاوازیی كاتیشەوە ئەم دیاردەیە لە ئاسمانی هەرێمدا بە هیچ شێوەیەك نابینرێت.
خۆرگیران دیاردەیەكی گەردوونییە كاتێك روودەدات كە مانگ دەكەوێتە نێوان زەوی و خۆرەوە و رووناكیی خۆر دەگرێت، ئەمڕۆش دیاردەكە تەنها لە هەندێك ناوچەی دیاریكراوی جیهان وەك گرینلاند، ئایسلەندا، باكووری روسیا، زەریای ئەتڵەسی، ئیسپانیا و بەشێكی پورتوگال دەبینرێت.چەقی خۆرگیرانەكە، لە باكووری زەریای ئەتڵەسی و نزیك كەناراوەكانی باكووری ئیسپانیایە، لەوێ خۆر بە تەواوی دادەپۆشرێت و بۆ چەند دەقیقەیەك رووناكی رۆژ دەگۆڕێت بۆ تاریكی.گشت دیاردەكە نزیكەی چوار سەعات و 15 دەقیقە دەخایەنێت. درێژترین ماوەی خۆرگیرانی تەواو لە نێوان یەك بۆ دوو دەقیقە و 18 چركە دەبێت.
ئەم دیاردەیە لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان نابینرێت ،بەهۆی سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا، لە كاتی روودانی خۆرگیرانەكەدا ئاسمانی هەرێمی كوردستان لە بەشی شەودایە و خۆر لە ژێر ئاسۆدایە.
ئاژانسی ناسا لە ڕێگەی ماڵپەڕی رەسمی خۆیەوە پەخشی ڕاستەوخۆی دیاردەكە بۆ بینەران لە سەرانسەری جیهان دەگوێزێتەوە.شارەزایانیش تەئكید دەكەنەوە كە پێویستە لەو ناوچانەی خۆرگیرانەكەیان لێ دەبینرێت، چاویلكەی تایبەتی بەرگریكار بەكاربهێنرێت بۆ پاراستنی چاو لە زیانەكان.