لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، تەواوی رێكارەكانی هەمواركردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی تەواو كردووە.
لە كۆبوونەوەیەكدا بە سەرۆكایەتی خالید عوبەیدی و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەكە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ دەربارەی گرنگترین بڕگەكانی دووەم هەمواركردنی یاسای ژمارە 18ـی ساڵی 2011 كرا، تێیدا بڕیاردرا تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە بۆ ئەفسەران و پلەدارەكان لە 45 ساڵەوە بۆ 40 ساڵ كەم بكرێتەوە بەو مەرجەی خزمەتی كردەییان لە 15 ساڵ كەمتر نەبێت، هاوكات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی ئەمرە و ئەژماركردنی بڕوانامە باڵاكان وەك پێشخستنی وەزیفی و زیادكردنی چەند موخەسساتێكی بڕاوە بۆ مەبەستی خانەنشینی درا.
لە بەشێكی تری هەموارەكەدا، لیژنەكە رێكخستنەوەی مەرجەكانی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی تاوتێكرد كە بڕیارە بەپێی سیستمێك بێت لەلایەن وەزیری ناوخۆوە پێشنیار دەكرێت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان پەسەندی دەكات، بەجۆرێك كە مەرجی وەرگرتنی پۆست بۆ پلەبەرزكردنەوە لادراوە.
هەروەها گرنگییەكی تایبەت بە مافی شەهیدان و برینداران دراوە، بەشێوەیەك ئەو كەسانەی بە گرێبەست لە وەزارەتی ناوخۆ كاردەكەن لەكاتی شەهیدبووندا دۆخی یاساییان رێكدەخرێتەوە، و پلەی مولازم دەدرێتە ئەو شەهید و بریندارانەی كەمئەندامیی تەواویان هەیە بۆ مەبەستی خانەنشینی، لەگەڵ بەرزكردنەوەی پلەی ئەو بریندارانەی رێژەی كەمئەندامییان 50٪ یان زیاترە.