بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، بە بانگهێشتنامەیەكی رەسمی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم)، رۆژی سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشداریی لە مەراسیمی ئاڵوگۆڕی فەرماندەیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كرد كە لە بنكەی سەرەكیی هاوپەیمانان لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو، تیایدا بە سەرپەرشتیی ئەدمیراڵ براد كۆپەر، فەرماندەی سێنتكۆم بەڕێوەچوو، ئەركی فەرماندەیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا لە مەیجەر جەنەڕاڵ كیڤن لامبێرتەوە ڕادەستی ئەدمیراڵ لیام ئێم هولین كرا.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە پەراوێزی مەراسیمەكەدا، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەكانی ساڵانی ڕابردووی هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد، بە تایبەتی ڕۆڵی بەرچاوی مەیجەر جەنەڕاڵ كیڤن لامبێرت، كە ڕۆڵی باڵای هەبووە لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی پرۆسەی ریفۆرمی سەربازی هێزەكانی پێشمەرگە، بەردەوامی هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان. هەروەها وەزیری پێشمەرگە هیوای سەركەوتنی بۆ جەنەڕاڵ لامبێرت خواست لە ئەركی نوێیدا، پیرۆزبای یشی لە فەرماندەی نوێ (ئەدمیراڵ هولین) كرد و ئامادەییی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ بەردەوامیدان بە هەماهەنگییە هاوبەشەكان دووپاتكردەوە.
هەر لە پەراوێزی ئەو سەردانەی شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لە عەممانی پایتەختی ئوردن، لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەش كە لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئوردن، وەزارەتی بەرگریی عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە بەشداربووەكان كرا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و سنوری هاوبەش، هەروەها پەرەپێدان بە پەیوەندییە هاوبەشەكان لە چوارچێوەی ئەو ناوچەیەی كە گرفتی زۆری بواری ئاسایشی تێدایە، هەروەها تەئكیدكرایەوە لەوەی بەردەوام كاری هاوبەش بكەن بۆ پاراستنی ئاسایشی یەكتر و پەرەدان بە هەماهەنگی و هاوكاریی هاوبەش.