حكومەتی توركیا یەكەم هەنگاوی مەیدانی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەی ئاشتی دەستپێكردووە. بڕیارە رۆژی چوارشەممە، لوتكەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن لەگەڵ هەموو پارێزگار و فەرماندە ئەمنییەكان كۆببنەوە تا ڕێگری لە هەر بەربەستێكی ئەمنی و كارگێڕی بگرن كە ببێتە رێگر لە جێبەجێكردنی پرۆسەكە.
وەك لە راپۆرتی میدیای توركیادا هاتووە، نوعمان كورتوڵموش، سەرۆكی پەرلەمان و مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆ، ڕێنمایی دەدەنە 81 پارێزگار و فەرماندە ئەمنییەكان. بەپێی رێنماییەكان، پارێزگارەكان وەك باڵاترین ڕێكخەری پڕۆسەكە لەسەر ئاستی پارێزگاكان ئەركی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەكانیان پێدەسپێردرێت. هەروەها فەرماندەكانی جەندرمە و ئاسایش بەرپرسیار دەبن لە پاراستنی شیرازەی گشتی و چارەسەركردنی كێشە گریمانەكراوەكانی مەیدان. دوای ئەوەش كار لەسەر شیاندنەوەی كۆمەڵایەتی و گەیاندنی زانیاری دروست بە ڕای گشتی دەكرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەكە پەكینەكەوێت و ناڕەزایەتی رای گەشتی لێنەكەوێتەوە.
ئەم جوڵە كردەییەی وەزارەتی ناوخۆ دوای كۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا و نوعمان كورتوڵموش دێت كە تێیدا باسیان لە هەنگاوەكانی داهاتووی پڕۆسەكە كردووە.
یاسای چوارچێوە كە زەمینەی یاسایی بۆ ئەم هەنگاوانە ڕەخساندووە، شەوی دووشەممە بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسەند كرا. حكومەت دەیەوێت لە ڕێگەی یاساكەوە یەكگرتنی كۆمەڵایەتی بەهێز بكات و بە هەماهەنگی یەكە ئەمنییەكان پڕۆسەی ئاشتی جێبەجێ بكات.