كۆمكاری عەرەبی:هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كوردستان هەوڵێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە

کوردستان 03:02 PM - 2026/07/19

ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی ڕەخنە لە سیاسەتەكانی ئێران دەگرێت و هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی بە پێشێلكاری ئاشكرای سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەكان ناو دەبات.

كۆمكاری عەرەبی بە رەسمی ئیدانەی  ئەو هێرشانەی كرد كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی. نەبیل فەهمی، ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی ڕایگەیاند، هێرشەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو و هەرێمی كوردستان هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ فراوانكردنی رووبەری ململانێكان و بردنی ناوچەكە بەرەو پشێوی و تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری.

ئاماژەی بەوە شكردووە، هەڵكشانی هێرشە ئاشكرا و دوژمنكارییەكانی ئێران بۆ سەر (بەحرەین، ئوردن، قەتەڕ، كوەیت و هەرێمی كوردستان) و كردنە ئامانجی ژێرخانی ئابووری، رەنگدانەوەی سیاسەتێكی دوژمنكارانەیە.

تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە ناكرێت لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا بێدەنگ بن و قبوڵی بكەن.نەبیل فەهمی راشیگەیاند، ئەم هێرشانە ئاماژەن بۆ سووربونی  ئێران لەسەر گرتنەبەری سیاسەتێك كە لەسەر حساباتی هەڵە و خوێندنەوەی پێچەوانەی واقیع بونیادنراوە.

هەروەها ئەم هەنگاوانەی بە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری و وڵاتان، یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی دراوسێیەتی باش وەسف كرد.هاوكات داواشی لە ئێران كرد،ئاڵۆزییەكان كەمبكاتەوە و دەستبەجێ هێرشەكان ڕابگرێت و واز لە بڵاوكردنەوەی پشێوی و هەڕەشەكردن لە ئاسایشی دەریاوانی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دانوستان و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو