سەرەرایی ئەوەی ئێران لە دۆخێكی ناسەقامگیردایە و ماوەی نۆ رۆژە رووبەرووی هێرشە درۆنی و مووشەكییەكانی سوپای ئەمریكا بووەتەوە ، سەر لە بەیانی ئەمڕۆش ئەو وڵاتە كەوتە بەر كارەساتێكی سروشتی و دوو بوومەلەرزەی بەهێز پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەریان هەژاند.
میدیای رەسمی ئێران رایگەیاند، سەعات شەش و 43 دەقیقەی بەیانی ئەمڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستان،بوومەلەرزەیەك بەهێزی پێنج پۆینت دوو لە شاری كوزەرانی سەر بە كرماشان روویداوە، دوای پێنج دەقیقە بوومەلەرزەیەكی تر بە بەهێزی پێنج پۆینت حەوت پلەی رێختەر روویداوە.
سەنتەری بوومەلەرزەزانیی نیشتمانیی سەر بە پەیمانگای جیۆفیزیكی زانكۆی تاران رایگەیاندووە، بوومەلەرزەكە لە قووڵایی هەشت كیلۆمەتر بووە. ناوەندی بوومەلەرزەكە 17 كیلۆمەتر لە كووزەران، 23 كیلۆمەتر لە گەوارە و 26 كیلۆمەتر لە روانسەرەوە دوور بووە.هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، شوێنی بوومەلەرزەكە 65 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای كرماشان و 98 كیلۆمەتر لە شاری سنەوە دوورە.
بوومەلەرزەكان لە ئیلام، هەمەدان، سنە، لوڕستان و لە كوردستانیش لە سلێمانی و هەڵەبجە هەستیان پێكراوە. بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و مادییەكان رانەگەیەندراوە.