عیراق خوێندنی ئێوارانی لە فەرمانبەران و لێپرسراوانی باڵا قەدەغەكرد

کوردستان 12:20 PM - 2026/07/19

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراق بڕیاری دا رێگە بە فەرمانبەران و لێپرسراوانی باڵا نەدرێت لە كاتی دەوام و فەرمانبەریدا لە خوێندنی ئێواران درێژە بەخوێندن بدەن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە.

بڕیارەكە وەزیران، پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش دەگرێتەوە.

فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، لە راگەیەندراوێكدا  بڵاویكردەوە، بڕیاری قەدەغەكردنی خوێندنی ئێواران هەموو فەرمانبەران و ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە راسپێردراون بە خزمەتی گشتی، لەوانەش: ئەندامانی پەرلەمان، وەزیران و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان، بریكارانی وەزارەت، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و خاوەن پلە تایبەتەكان.

بەپێی بڕیارەكە، ئەو كەسانە بۆیان نییە لە كاتی هەبوونی وەزیفە یان راسپاردنیان بۆ ئەركی رەسمی، بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە لە خوێندنی ئێواراندا بخوێنن، چ ئەو خوێندنە لەسەر ئەركی خۆیان بێت یان لە رێگەی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندنەوە بێت.سەبارەت بە هۆكاری بڕیارەكە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق روونیكردووەتەوە كە ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای نووسراوێكی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری ژمارە (11)ـی ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی وەزیران دراوە، چونكە هیچ بنەمایەكی یاسایی نەماوە رێگە بدات فەرمانبەران لە كاتی وەزیفەدا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە بخوێنن.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە: بەهۆی هەمواركردنەوەی یاسای بنەماكانی یەكسانكردنی بڕوانامە و پلە زانستییەكان، ئەو بڕگەیەی پێشتر رێگەی بەم جۆرە خوێندنە دەدا، هەڵوەشێنراوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو