وەزارەتی دارایی عیراق تەئكید لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی مافەكانی گەنجینەی دەوڵەت دەكاتەوە و بڕیاردان لەسەر لێخۆشبوونی سزادراوانی گەندەڵیش بۆ ئەنجوومەنی دادوەری جێدەهێڵێت.
وەزارەتی دارایی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا، تیشكی خستە سەر ڕێكارەكانی گەڕاندنەوەی ئەو پارە و موڵكانەی كە لە ئەستۆی سزادراوانی كەیسەكانی گەندەڵیدان. وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە ئەركی سەرەكییان بریتییە لە پاراستنی لایەنی دارایی و دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی تەواوی ئەو مافانەی كە هی گەنجینەی دەوڵەتن و لە ئەنجامی تاوانەكانی گەندەڵییەوە فەوتاون.
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنەوەی پارەكان، وەزارەتی دارایی تەئكیدی كردەوە، هەر ڕێكارێك دەگیرێتەبەر دەبێت گەرەنتی گەڕانەوەی تەواوی مافەكان بكات بەبێ هیچ كەموكوڕییەك.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە دەبێت ڕێكارەكان پابەندكەر بن و بەجۆرێك بن كە پاراستنی ماڵ و سامانی گشتی بە كردەیی مسۆگەر بكەن و بتوانرێت لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بكرێن.
وەك لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، بڕیاردان لەسەر ڕێكارە دادوەرییەكان و داواكارییەكانی لێخۆشبوون لە سزادراوان، لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوانە و تەنیا لە تایبەتمەندیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە. ئەم ڕوونكردنەوەیە دوای ئەوە هات كە پارێزەری نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەكیی دزی سەدە، پێشنیازی گەڕاندنەوەی پارەكانی كردبوو لە بەرامبەر سوودمەندبوون لە لێخۆشبوونی گشتی.
ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دارایی وەك وەڵامێكە بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق، كە پێشتر ڕایگەیاندبوو داواكارییەكیان ئاڕاستەی وەزارەتەكە كردووە سەبارەت بە پێشنیازەكەی نوور زوهێر بۆ گەڕاندنەوەی پارەكان. ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوە كردبوو چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دارایی دەكەن تاوەكو ڕێكارە یاساییەكان بەرامبەر ئەو داواكارییە بگرنەبەر.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا، وەزارەتی دارایی عیراق دووپاتی دەكاتەوە، دەبێت لە سەدا 100ی پارە دزراوەكان بگەڕێنەوە.