شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشرەو نوێدەكرێتەوە

کوردستان 12:10 PM - 2026/07/11

شەقامی هەواری شار بەرەو تونێلی پێشڕەو بەهەردوو ئاڕاستەكەدا نوێدەكرێتەوە تاوەكو كێشەی شۆفێران و ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەمبكرێنەوە.

دوای بەدواداچوونێكی كەناڵی گەلی كوردستان، ئەو بەشەی شەقامی سەرەكیی هەواری شار كە بە هەردوو ئاڕاستەی چوون و هاتن بەرەو تونێلی پێشڕەو دەچێت، نوێدەكرێتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە بووەتە جێگەی نیگەرانی شۆفێران، بڕیاریشە وایە دوای چاككردنەوەی، ببێتە ڕێگەیەكی مۆدێرن و هۆكارێك بێت بۆ كەمبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لەو شەقامەدا.

ئەنجوومەن حوسێن، وتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە بەشێكە لە هەڵمەتێكی سێ قۆناغی كە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستیپێكردووە. لە قۆناغی یەكەمدا شەقامی مەلیك مەحمود كاری لە پێشینە بووە، دوای تەواوبوونی شەقامە سەرەكییەكانی وەك هەواری شار، قۆناغی سێیەم كە خزمەتگوزاریی ناو گەڕەكەكان و كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانە دەستپێدەكات.

راشیگەیاند، نوێكردنەوەی شەقامەكان بەردەوام دەبێت‌و لە ئێستاشدا كارەكان لە بەشێكی شەقامەكە لە تونێلی پێشڕەو تاوەكو فولكەی بەرزاییەكانی سلێمانی تەواو بووە و قیرتاو كراوە، كاركردن لە بەشەكەی تریش لە فولكەی بەرزاییەكانەوە بۆ شەقامی هەواری شار بەردەوامیی دەبێت. شارەوانی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان كە بەگوێرەی بودجەی بەردەست، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی رێگەوبانەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو