پڕۆسەی بەڕێكردنی تەرمی عەلی خامنەی رابەری پێشووی ئێران،لە شارەكانی نەجەف و كەربەلا كۆتایی هات و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ مەبەستی بەخاكسپاردنی لە شاری مەشهەد، گەڕێندرایەوە بۆ وڵاتەكەی.
بڕیاربوو تەرمی عەلی خامنەیی تەنیا 24 سەعات لە عیراق بمێنێتەوە و ئێوارەی چوارشەممە ڕەوانەی ئێران بكرێتەوە. بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەكی زۆر و ئامادەبوونی ملیۆنان كەس لە ڕێوڕەسمەكاندا، پڕۆسەی گواستنەوەی بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دواكەوت.
درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕێوڕەسمەكان لە شاری كەربەلا كۆتاییان هات. تەرمەكە گەیەندرایە مەزارگەكانی ئیمام حوسێن و ئیمام عەباس، لەوێش نوێژی مردوو بە ئیمامەتی شێخ عەبدولمەهدی كەربەلایی، نوێنەری مەرجەعیەتی باڵا ئەنجامدرا.
فەریق سەعد مەعن وتەبێژی لیژنەی باڵای رێوڕەسمەكان ڕایگەیاند، پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییەكان بە سەركەوتوویی جێبەجێ كران. سەرەڕای ئەوەی پلەی گەرمای ناوچەكە گەیشتبووە 44 پلەی سیلیزی، هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو تۆمار نەكراوە. تەنیا لە كەربەلا شەش هەزار كارمەند ئەركی پاراستنیان لە ئەستۆ بووە و 500 كارمەندیش خزمەتگوزارییان پێشكەش كردووە. راشیگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن كەس لە نەجەف و چەندین ملیۆن كەسی تر لە كەربەلا بەشدارییان لە بەڕێكردنی تەرمەكەدا كردووە.
دوای تەواوبوونی هەموو ڕێكارەكان لە عێراق، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمەكە لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نەجەفەوە بۆ ئێران گەڕێندرایەوە. بڕیار وایە هەر ئەمڕۆ لە شاری مەشهەد و لە ڕێوڕەسمێكی جەماوەریدا تەرمەكە بەخاك بسپێردرێت.