دەستەی دەستپاكیی عیراق دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوت ئاشكرا دەكات و تێیدا فەرمانبەرێك بەهۆی بردنی سامانی گشتییەوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ دەخرێتە ناو چوار دیواری زیندانەوە .
دادگای تاوانەكانی نەینەوا بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەی فەرمانبەرێكی وەزارەتی نەوت دا. دادگاكە فەرمانبەرەكەی بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزادا، ئەوەش دوای سەلماندنی تێوەگلانی لە دزینی بڕە پارەیەكی زۆر لە سامانی گشتی و لادان لە ئەركە رەسمییەكانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكی، ئەم فەرمانبەرە بڕی یەك ملیار و 174 ملیۆن و 287 هەزار دیناری لە داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان دزیوە. ئەم پارەیە داهاتی مانگەكانی هەشت و نۆی ساڵی 2025 بووە كە تۆمەتبارەكە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بردوویەتی.
دادگا لە بڕیارەكەیدا پشتی بە بڕگەكانی ماددەی 315 لە یاسای سزادانی عیراقی بەستووە. دوای پێداچوونەوەی وردی دادگا بۆ هەموو ئەو بەڵگانەی لەم دۆسیەیەدا كۆكرابوونەوە، دەركەوتووە كە تۆمەتبارەكە بە شێوەیەكی نایاسایی دەستی بۆ پارەی دەوڵەت بردووە و بڕیارەكە لە دژی دەركرا.
ئەم سزادانە لە كاتێكدایە كە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دارایی و كۆكردنەوەی چەكی لە دەستی دەوڵەتدا كردووەتە دوو لە كارە هەرە لەپێشینەكانی خۆی. تا ئێستاش چەندین لێپرسرا و فەرمانبەر بەهۆی دۆسیەی هاوشێوەوە رەوانەی دادگاكان كراون.