شەوی رابردوو چیی روویدا؟

عیراق 10:02 AM - 2026/07/08

درەنگانی شەوی رابردوو، ئەمریكا وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز، هێرشی ئاسمانی  كردە سەر زیاتر لە 80 ئامانجی  ئێران و دووبارە سزای بەسەر فرۆشتنی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە دا سەپاند. وەك وەڵامێكیش بۆ هێرشەكانی ئەمریكا، سوپای پاسداران  دەیان بنكە و دامەزراوەی سەربازیی ئەمریكای لە كوەیت و بەحرەین كردە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا  (سێنتكۆم ) لە بەیاننامەیەكدا  كۆتایی هاتنی خولی نوێی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند و ئاشكرای كرد، زیاتر لە 80  ئامانجی پێكاوە ،ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بۆ هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز.

بەپێی بەیاننامەكە، ئامانجەكان بریتی بوون لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران، تۆڕەكانی فەرماندەیی و كۆنترۆڵ، شوێنی راداری كەنار دەریاكان، توانای دژە كەشتی، هەروەها زیاتر لە60بەلەمی بچووكی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز و دەوروبەری.سێنتكۆم ئاشكرایكردووە، ئامانج لەم هێرشانە تێكدانی توانای ئێران بووە بۆ درێژەدان بە هێرشكردنە  كەشتییە بازرگانییەكان. 

لای خۆشییەوە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی شەوی رابردووی ئەمریكا، دەیان بنكە و دامەزراوەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە كوەیت و بەحرەین كردووەتە ئامانج.

بەپێی راگەیەندراوێكی سوپای پاسداران كە میدیای  رەسمی  ئێران بڵاویكردووەتەوە، هێزی دەریایی و ئاسمانی سوپای پاسداران لە ئۆپراسیۆنێكی مووشەكی و درۆنیدا، 85 بنكەی سەرەكیی سەربازیی ئەمریكایان لە ناو خاكی كوەیت و بەحرەین پێكاوە.سوپای پاسداران ئەم هێرشە بەرفراوانەی وەك وەڵامی سەرەتایی بۆ هێرشەكانی ئەمریكا وەسفكرد و ئاشكرایشی كرد، لە ئۆپراسیۆنەكەدا توانیویانە درۆنێكی پێشكەوتووی ئەمریكی لە جۆری ئێم كیو نۆ بخەنە خوارەوە.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە هات سێنتكۆم ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە هێرشی كردووەتە سەر سێ كەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز  ، هەرچەندە ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشی سەر كەشتییەكانی لە ئەستۆ نەگرت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو