لەگەڵ توندبوونی گرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن، ئێران هەڕەشەی داخستنی یەكجاریی گەرووی هورمز دەكات و ئەمریكاش هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕتر كردووەتەوە.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانكاری ئەو وڵاتە لە پەیامێكی راستەوخۆدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئاڕاستەی ئەمریكای كردووە، نووسیویەتی: بە ڕاشكاوی دەڵێم: ئەگەر هێرش بكەن، هێرشتان دەكرێتە سەر. ئاماژەی بەوەشكردووە ،پێویستە ئەمریكا تێبگات چیتر هەڕەشە و شكاندنی بەڵێنەكان بەبێ باج تێناپەڕێت.
ئەم لێدوانانەی قالیباف دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند فەرمانی داوە هێرشی نوێ بكرێتە سەر ئێران. ترەمپ هۆشداری داوە كە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە ڕێگریكردن لە كەشتییەكان لە گەرووی هورمز، ڕووبەڕووی دەرەنجامی زۆر خراپتر دەبێتەوە.
گەرووی هورمز یەكێكە لە گرنگترین ڕێڕەوەكانی گواستنەوەی نەوت و غاز لە جیهاندا. هەرچەندە مانگی رابردوو لێكگەیشتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی كەشتییەكان ئیمزاكرا، بەڵام دووبارەبوونەوەی هێرشەكان دۆخەكەی گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە. ئێستا ئەمریكا گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێرانی توندتر كردووە و تاران تەئكید دەكاتەوە تا مەرجەكانیان جێبەجێ نەكرێت، ڕێگە بە كردنەوەی گەرووەكە نادەن.