گرژییە نوێیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی زێڕیان لە بازارەكانی جیهان دابەزاندو بانكی ئەمریكاش پێشبینییەكانی بۆ نرخی كانزاكە كەمكردەوە.
دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، نرخی ئۆنسەیەك زێڕ 14 دۆلار دابەزی و بە چوار هەزار و 60دۆلار مامەڵەی پێوەكرا. هاوتەریب لەگەڵ بازارەكانی جیهان نرخی زێڕ لە هەرێمی كوردستان دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 گەیشتە 889 هەزار دینار.
هاوكات لای خۆیەوە كێلڤن وۆنگ شرۆڤەكاری بازاڕە داراییەكان لە كۆمپانیای ئواندا رایگەیاند، ئەو هۆكارەی پشتگیری لە دابەزینی نرخی زێڕ دەكات، چاوەڕوانیی بازاڕە بۆ دووەمجار لە زیادكردنی رێژەی سوود لەلایەن بانكی فیدراڵیی ئەمریكاوە، كە رەنگە لە چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوودا رووبدات. بە وتەی ئەو شرۆڤەكارە، دوای پێكدادانی ئەمریكا و ئێران، رێككەوتنی ئاگربەستی كاتی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمایەكی لەرزۆكە، بۆیە رەنگە دۆخەكە جارێكی تر ناجێگیر بێتەوە.
ئێستا بازرگان و وەبەرهێنەران پێیانوایە كە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا بە رێژەی 68٪ ئەگەر هەیە رێژەی سوود لە ئەمریكا زیادبكرێت، لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی داهاتووش رێژەكە بە 87٪ دادەنێن.
هاوكات بانكی ئەمریكا پێشبینی خۆی بۆ تێكڕای نرخی زێڕ لە ساڵی 2026 بە رێژەی 14% كەمكردەوە بۆ چوار هەزار و 360 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك، هۆكارەكەشی بۆ تووندكردنی سیاسەتی نەختینەیی لە لایەن بانكی فیدراڵیی ئەمریكاوە گەڕاندەوە.