كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور پشكنینی تاقیكردنەوەی هەڵدانی مووشەكێكی ستراتیژی لە دەریا بۆ وشكانی دەكات.
كیم جۆنگ ئون، سەرپەرشتی تاقیكردنەوەی نوێترین سیستمی چەكی كرد لەسەر كەشتیی تێكدەرانەی كانگ كۆن كە كێشی پێنج هەزار تۆن بوو، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانی پیۆنگ یانگ بۆ خێراكردنی پەرەپێدانی توانا دەریاییەكانی، كە بە رێگری لە جەنگ ناویدەبات.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی كۆریای باكوور بڵاویكردەوە، تاقیكردنەوەكان بریتی بوون لەهەڵدانی موشەكی كروزو بەكارهێنانی ئامێری جەنگی ئەلیكترۆنی، ئەمەش لەكاتێكدایە پێش دوو هەفتە لەهەڵدانی مووشەكێكی هاوشێوەدا، كیم بەڵێنی دابوو هێزی دەریایی بەچەكی ئەتۆمی پڕ چەك بكات و كەشتی جەنگی نوێ پەرەپێبدات.
سەرۆكی كۆریای باكوور پێویستی خێراكردنی بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی وڵاتەكەی و ( رێگریكردن لە جەنگ ) هەروەها ئیرادەی پیۆنگیانگی دووپاتكردەوە بۆ خاوەندارێتی ئەو شتەی كە بە دەسەڵاتی رەها وەسفی دەكات.
ئێستا هێزی دەریایی كۆریای باشوور زیاتر لە دە كەشتی بەڕێوەدەبات كە كێشییان لە پێنج هەزار تۆن زیاترە، لە كاتێكدا تەنها دوو كەشتی لە كۆریای باكوور هەیە.
ئەم هەنگاوانە لە كاتێكدایە كە گرژییەكان بەردەوامن لە نیمچە دوورگەی كۆریا كە هێشتا هەردوو كۆریا لەڕووی تەكنیكییەوە لە شەڕدان، دوای ئەوەی جەنگی كۆریای ساڵانی 1950 بۆ 1953 بەڕێككەوتنی ئاگربەست كۆتایی هات، بەبێ ئەوەی پەیماننامەی ئاشتی ئیمزا بكرێت.