سەرۆك كۆماری عیراق، مەرسوومێكی كۆماریی دەركرد بۆ خانەنشینكردنی محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی پێشوو و ئەندامانی كابینە وەزارییەكەی.
نزار ئامێدی سەرۆككۆماری عیراق، مەرسوومێكی كۆماریی دەركرد بۆ خانەنشینكردنی سودانی، و ئەندامانی حكومەتەكەی، دوای كۆتاییهاتنی ماوەی دەستووریی حكومەتی پێشوو و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتیی عەلی فالح زەیدی، كە لە 14ی ئایاری 2026 متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا و بە رەسمی دەستبەكاربوو.
مەرسوومەكەی سەرۆككۆماری عیراق پشت بە دەسەڵاتە دەستوورییەكانی دەبەستێت بۆ رێكخستنی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكاندا، دوای دەرچوونی فەرمانی راسپاردنی سەرۆكی حكومەتی نوێ لە 27ی نیسانی 2026.
ئەم رێكارە دوای كۆتاییهاتنی ماوەی حكومەتی پێشوو دێت بە سەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سودانی، كە لە 13ی تشرینی یەكەمی 2022 پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرت و تا 14ی ئایاری 2026 لە ئەركەكەیدا بەردەوام بوو.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیاری خانەنشینكردنەكە سەرۆكی پێشووی حكومەت و سەرجەم وەزیرەكانی گرتووەتەوە، لە چوارچێوەی رێڕەوی دەستووریی پەیڕەوكراو لە عیراقدا، كەتەئكید لەسەر كۆتاییهێنان بە ئەركی دەسەڵاتی جێبەجێكاری پێشوو دەكاتەوە دوای تەواوكردنی ماوەی یاسایی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ.