بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی ناتۆ، دۆناڵد ترەمپ گەشتێكی مێژوویی بۆ ئەنكەرە ئەنجام دەدات و پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سزاكانی سەر كەرتی سەربازیی توركیا بكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بڕیارە لە 7ی تەممووز بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی ناتۆ سەردانی توركیا بكات. ترەمپ ستایشی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەكات و بە "سەركردەیەكی مەزن" و هاوڕێیەكی نزیكی خۆی وەسفی دەكات، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنكەرە هەبووە.
پێشبینی دەكرێت سەرۆكی ئەمریكا لەو سەردانەیدا هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی فڕۆكەی جەنگیی F-35 بە توركیا ڕابگەیەنێت، كە سەرۆكی توركیا ماوەیەكی زۆرە وەك داواكارییەكی سەرەكی تەئكیدی لێ دەكاتەوە. توركیا لە ساڵی 2019 بەهۆی كڕینی سیستمی بەرگریی S-400ی ڕووسی لە پڕۆگرامی كڕینی فڕۆكەی F-35ی ئەمریكی دوورخرایەوە. بەرپرسانی ئەمریكا نیگەران بوون لەوەی سیستمە ڕووسییەكە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری دەربارەی تەكنەلۆژیای فڕۆكە ئەمریكییەكان بەكاربێت و ئەو زانیارییانە بگەنە مۆسكۆ.
میدیاكانی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكەن، ئەردۆگان توانیویەتی ئەم پەیوەندییە تایبەتە بەكاربهێنێت بۆ مسۆگەركردنی ئامادەبوونی ترەمپ لە لووتكەی ئەمساڵی ناتۆ لە ئەنكەرە. ئەوە دەرفەتێكی نوێیە بۆ توركیا تاوەكو جارێكی تر بگەڕێتەوە ناو پڕۆگرامی چەكە پێشكەوتووەكانی ئەمریكا كە چەندین ساڵە بەهۆی پەیوەندییە نزیكەكانی توركیا لەگەڵ ڕووسیا بلۆككرابوون.