عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند، ئەو هەڵمەتەی دژی گەندەڵی دەستی پێكردووە تەنیا قۆناغی یەكەمە و رێگە بە هیچ گەندەڵكارێك نادەن لە كارەكەیدا بمێنێتەوە بەمەبەستی دزینی پارەی گشتی.
هاوكات ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا باج بە رێژەی 35% بەسەر كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان بسەپێنرێت.
شەوی رابردوو بە سەرۆكایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران هەشتەمین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی كرد. لە كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی وڵات، كەرتی وزە، باج و نیشتەجێكردن تاوتوێكران و چەند بڕیارێك دران.لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، عەلی فالح زەیدی تەئكیدی كردەوە لەوەی، شەرعیەتی حكومەتەكەی لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراقدایە و وتی: ئەو هێرش و هەڵمەتەی دژی گەندەڵی دەستمان پێكردووە، تەنیا قۆناغی یەكەمە. حكومەت لەپێناو گەڕاندنەوەی پارەی گشتی بۆ سەرجەم پارێزگاكان بەردەوام دەبێت لە دژایەتیكردنی گەندەڵی و لەم بەرپرسیارێتییەشدا چاوپۆشی لە كەس ناكرێت.
سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەش كرد، چیتر قابیلی قبووڵ نییە لە بەرامبەر دۆخی ئێستا بێدەنگی هەڵبژێردرێت ، هاوكات راشیگەیاند،گەل دڵنیا دەكەنەوە كە پاسەوانی بەهێز و دڵسۆز لەسەر پارەی گشتی هەن و رێگە نادەن گەندەڵكاران لەناو جەستەی دەوڵەتدا بن بۆ ئەوەی سامانی هەژاران و دۆخی وڵات بقۆزنەوە، چەك و هێزیش تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا كورت دەكرێتەوە.زەیدی داوای لە سەرجەم دەزگا چاودێرییەكان كرد، هەر تێبینی و ئاماژەیەك لەسەر كەمتەرخەمی یان گەندەڵی لە وەزارەتەكاندا هەیە، راستەوخۆ پێشكەشی بكەن بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی تووند بگیرێتەبەر.
سەبارەت بە كەرتی خزمەتگوزارییەكان، سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی بودجەی پڕۆگرامەكان بۆ ساڵی داهاتوو، پشكی كەرتی كارەبا زیاد دەكرێت. ئامانجی حكومەت ئەوەیە لەمساڵدا گرێبەستی دابینكردنی 25 هەزار مێگاوات كارەبا ئیمزا بكات، بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا تۆڕی نیشتمانیی كارەبا دۆخێكی زۆر باشتر بەخۆیەوە ببینێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دەستپێشخەریی (ملیۆنێك پارچە زەوی نیشتەجێبوون)ی وەك پڕۆژەیەكی نیشتمانی و ستراتیژی بۆ دابینكردنی زەوی و ژێرخانی پێویست لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) پەسندكرد. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی زەیدی و ئەندامێتیی چەند وەزیرێك پێكهێنرا بۆ دارشتنی نەخشەڕێگا و دیاریكردنی شایستەبووان.لە چوارچێوەی چاكسازیی دارایی و ئابووریدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پێشنیاری ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری پەسندكرد، كە تێیدا هاتووە:
سەرجەم كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان و بەڵێندەرانی كاركەر لە عیراق، دەخرێنە ژێر یاسای باجی داهاتی ژمارە 19ی ساڵی 2010.بەپێی بڕیارەكە، باجێكی جێگیر بە رێژەی 35% بەسەر كۆی گشتیی ئەو داهاتەدا دەسەپێنرێت كە ئەم كۆمپانیایانە لە ناوخۆی عیراقدا دەستیان دەكەوێت.دەستەی گشتیی باجەكان پابەندكرا بە ناردنی لیستی ناوی ئەو كۆمپانیایانەی كە هێشتا باجیان نەداوە بۆ وەزارەتی نەوت، تا شایستە داراییەكانی دەوڵەت وەربگیرێتەوە.
هاوكات بڕیاردرا زانكۆ و پەیمانگا ناحكومییەكان،پابەند بكرێن بەدانی باجەكانیان، بە جۆرێك ئەگەر لە ماوەی 4 مانگی سەرەتادا باجەكەیان بدەن، بە رێژەی 100% لە سزا و سوودە داراییەكان دەبەخشرێن، و ئەگەر لە 4 مانگی دووەمدا بیدەن، بە رێژەی 50% دەبەخشرێن