نزیكەی 15 رۆژە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێكی 26 ساڵان لە ڕووباری سیروان بەردەوامە و گومان دەكرێت لەژێر ئاوەكەدا گیری خواردبێت. تیمی مەلەوانیی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكە، ماوەی دوو رۆژە لە ڕێگەی شۆفڵ و حەفارەوە سەرقاڵی چاككردنی ڕێڕەوی ئاوەكەن.
15 رۆژە گەڕان بەدوای تەرمی ئەحمەد لوقمانی 26 ساڵ كە ڕۆژی 17ـی ئەم مانگە لە كاتی ڕاوە ماسیدا خنكا لە رووباری سیروان بەردەوامە و گومان دەكرێت لەناو ئاوەكە گیر بووبێت.لە پاڵ ئەوەی كە دوو رۆژە شۆفڵ و حەفارە كار دەكەن، تیمی گەڕۆكیش بەسەر رووبارەكەوە دەگەڕێن و دانیشتووانی قەراغی رووباری سیروانیش ئاگاداركراونەتەوە هاوكار بن ئەگەر تەرمەكەیان بینی هەواڵ بدەن.
بەپێی ئامارە رەسمییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان، لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 33 حاڵەتی خنكان لە ناوچە جیاوازەكان تۆماركراون.