قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ ١٥ باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا لە عێراق کۆبووەوە.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەمە(29/6/2026) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی ڕوون کردەوە و رایگەیاند سیاسەت و هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕەکەوە تا ئێستا روون و ئاشکرایە و نەک تەنها نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئێستای عێراق کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە لە ماوەی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی عێراق. راشیگەیاند پشتگیری لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەن بە تایبەتیش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا.
هیواشی خواست هەموو لایەنەکان پشتگیری تەواوی حکومەت بکەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئەم هەوڵانەشی بە هەنگاوێکی پێویست و گرنگ زانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و لە عێراق هاتووەتە ئاراوە و هۆشداریدا لەم دۆخە نوێیەدا نابێت لایەنەکان بە هەمان شێوە و بیرکردنەوەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند لە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە ناتوانێت لە ئاستی هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیەدا بێت. داواشیکرد لایەنەکانی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم.