راوێژكارێكی زەیدی:وەرگرتنەوەی پارە تاڵانكراوەكان فشارەكان لەسەر بودجە كەمدەكاتەوە

عیراق 09:47 AM - 2026/06/29

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق تەئكید دەكاتەوە لەوەی، وەرگرتنەوەی سامانی گشتی متمانە بەرزدەكاتەوە و پاڵپشتی گەشەپێدانی ئابووری دەكات، دەشڵێت،وەرگرتنەوەی ئەو پارانە  بەشدارن لە كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر بودجە و كەمكردنەوەی پێویستی قەرزكردن، هەروەها زیادكردنی متمانە بە دامەزراوە نیشتمانییەكان.

سەبارەت بەو ئۆپراسیۆنە ئەمنییەی بۆ  بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵكاران لە عیراق دەستیپێكردووە،مەزهەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند، وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی بەهۆی گەندەڵی یان خراپ بەكارهێنانی سامانە گشتییەكانەوە سووڕی ئابوورییان بەجێهێشتووە، نەك هەر لەڕووی بەهای داراییەوە بەڵكو رەنگدانەوەی ئیرادەیەكی روونی حكومەتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی مافەكانی دەوڵەت، ئەمەش متمانەی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران بە دامەزراوە نیشتمانییەكان بەرز دەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد،پارە وەرگیراوەكان بەشدارن لە كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر بودجەی گشتی و كەمكردنەوەی پێویستی قەرزكردن، هەروەها دابینكردنی سەرچاوەی زیادە كە دەتوانرێت ئاراستەی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و كەرتەكانی تەندروستی، پەروەردە، نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بكرێت.

بە وتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، گەرانەوەی ئەم پارانە بۆ هاندەری چالاكییە ئابوورییەكانە و پاڵپشتی خەرجییەكانی وەبەرهێنانی حكومەت دەكات، بەتایبەتی ئەگەر لە پرۆژەی بەرهەمدار و گەشەپێدان دامەزراو بن كە توانای رەخساندنی هەلی كار و هاندانی گەشەی بەردەوامیان هەبێت.

ئەو راوێژكارەی عەلی زەیدی تەئكید دەكاتەوە لەوەی،سەركەوتنی دەوڵەت لە بەدواداچوون و وەرگرتنەوەی پارە تاڵانكراوەكان پەیامی دڵنیاكەرەوە دەنێرێت بۆ كۆمەڵگەی بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، كەشوهەوای متمانە و شەفافیەت بەرز دەكاتەوە، هەروەها هانی ڕاكێشانی وەبەرهێنانی زیاتر دەدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو