وەزارەتی نەوتی عیراق سەرقاڵی نوێكردنەوەی گرێبەستی هەناردەی نەوتە لە رێگای توركیاوە

کوردستان 09:42 AM - 2026/06/29

وەزارەتی نەوتی عیراق پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای هاوبەشی بە بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ توركیا راگەیاند. ئامانجی لیژنەكە داڕشتنی ڕێككەوتنێكی نوێی هەناردەكردنی نەوتی خاوە لەرێگەی بۆریی عیراق-توركیاوە، بەجۆرێك كە ئاستی هەناردەكردنەكە بگەیەنرێتە 350 بۆ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

سەلیم روكابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لەبارەی پێكهێنانی لیژنەكەوە بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندووە ،حكومەتی عیراق لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە كە نوێنەرانی هەرێمی كوردستانی لەخۆگرتووە، ئەم لیژنەیە ئەركی بەڕێوەبردنی دانوستانەكانی لەگەڵ لایەنی توركی پێسپێردراوە بۆ داڕشتنی ڕێككەوتنێكی نوێی هەناردەكردنی نەوتی خاو كە جێگەی رێككەوتنەكەی پێشووتر دەگرێتەوە، بەشداریكردنی لیژنەكەی هەرێم لە ئاستی وەزارەتەكانی نەوت و دەرەوە و دارایی دەبێت لەگەڵ هاوتا عیراقییەكانی.سەلیم روكابی لەبارەی ئامانجی بەشداریی لایەنەكانەوە ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەكە بەشدارییەكی كارای لایەنە پەیوەندیدارەكانی لەخۆگرتووە، ئەوەش بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی ڕوون و شەفاف كە بەردەوامبوونی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عیراق- توركیاوە مسۆگەر بكات و سەقامگیریی هەناردە بۆ بازاڕە جیهانییەكان بپارێزێت.

لەبارەی نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی وادەی ڕێككەوتنەكەوە روكابی  دووپاتی كردووەتەوە،كە نزیكبوونەوەی وادەی كۆتاییهاتنی رێككەوتنی ئێستا وای كردووە هەوڵەكان بۆ خێراكردنی دانوستانەكان زیاتر بكرێن، بەجۆرێك كە نوێنەرایەتیی هاوبەشی نێوان بەغداد و هەولێر دەتوانێت چارەسەری پێویست بۆ بەردەوامی و زیادكردنی ئاستی هەناردەكردنەكە بدۆزێتەوە، بەتایبەت كە عیراق پلانی هەیە ئاستی هەناردەكردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانییەوە بۆ زیاتر لە 350 بۆ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرز بكاتەوە.

توركیا لە دووی تەمموزی 2025دا رایگەیاند ،كاركردن بە ڕێككەوتننامەكانی هێڵی بۆری نەوت لەگەڵ عیراق كۆتایی پێدەهێنێت، ئەمەش لە27 ی تەمموزی 2026 ەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەو پێیەی سەرۆكی توركیا بڕیاری سەرۆكایەتی دەركرد و لە رۆژنامەی رەسمیدا  لە 21ی تەمموزی 2025دا بڵاوكرایەوە، كە تێیدا كۆتایی بە كاركردن بەو ڕێككەوتننامە و پرۆتۆكۆلانە هێنا كە لە نێوان توركیا و عیراقدا ئیمزاكرابوون سەبارەت بە هێڵی بۆری نەوتی خاو كە لە عیراقەوە بۆ توركیا درێژدەبێتەوە.

ئەم بڕیارە پاڵپشت بە ماددەی 11ی ڕێككەوتننامە هەمواركراوەكەی  ساڵی 2010  هاتووە، كە رێگە بە لایەنێك دەدات كۆتایی بە ڕێككەوتننامە درێژكراوەكەی (بۆ ماوەی 15 ساڵ) بهێنێت دوای ناردنی ئاگاداركردنەوەیەك بۆ لایەنەكەی تر، ساڵێك پێش بەسەرچوونی ڕێككەوتننامەكە. ئەمەش بەو مانایەیە كە توركیا لە تەممووزی 2026ەوە لە ڕووی بەهای یاساییەوە پابەند نابێت بە گواستنەوەی نەوتی عیراق لە رێگەی خاكەكەیەوە، ئەگەر رێككەوتننامەیەكی نوێ ئیمزا نەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو