لێپرسراوێكی ئەمریكی : دانوستانەكانی واشنتۆن و تاران بەردەوامە

عیراق 10:29 AM - 2026/06/29

 لێپرسراوێكی ئەمریكی ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە  كە باس لە ڕاگرتن یان هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكەن و دەڵێت، دانوستانە تەكنیكییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەكانی نێوان هەردوولا بەپێی خشتەی كاتی دیاریكراو بەڕێوەدەچێت.

هاوكات ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكیش ئاشكرایدەكات ،سبەینێ‌ سێ‌ شەممە وەفدی تاران و واشنتۆن لە دەوحە كۆدەبنەوە.
سكای نیوز لەزاری لێپرسراوێكی ئەمریكییەوە بڵاویكردووەتەوە ،گفتوگۆ تەكنیكییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن  لەسەر ئاستی پسپۆڕان، كە بڕیاربوو لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامبدرێن، هێشتا وەك ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەردەوامە، روونیشیكردەوە، لە دانوستانەكانی داهاتوودا تیشك دەخەنە سەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن كە لەنێوان واشنتۆن و تاران ئیمزا كراوە.

بە وتەی ئەو لێپرسراوە  ، پەرەسەندنی ئەم دواییەی گەرووی هورمز نەبووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گفتوگۆكان یان گۆڕانكاری لە خشتەی كارەكانیاندا.ئەو لێپرسراوە ئەمریكییە تەئكیدیشی كردەوە ئەو خاڵانەی كە  لە كاتی دانوستانەكانی بورگنستۆك لە سویسرا لەسەریان ڕێككەوتوون، بە شێوەیەكی كاریگەر كاردەكەن و بەشداری دەكەن لە كۆنتڕۆڵكردنی گرژییەكان و ڕێگریكردن لە پەرەسەندنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی فراوانتر.

هاوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێكی ئەمریكییەوە رایگەیاندووە، واشنتۆن و تاران بەرەو ڕاگرتنی كاتی هێرشە سەربازییە هاوبەشەكان دەڕۆن، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانوستانە تەكنیكییەكان لەسەر هەموو بڕگەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن، و رێگەدان بە ئازادی گەشتكردن لە گەرووی هورمز.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاكسیۆس بە پشت بەستن لێپرسراوانی ئەمریكا بڵاویكردەوە،كە تاران و واشنتۆن ڕێككەوتوون لەسەر ڕاگرتنی چالاكییەكانی شەڕ بۆ ئێستا، بڕیارەیشە رۆژی سێشەممە وەفدەكانی   هەردوو وڵات لە دەوحە كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی ڕێكخستنەكانی پەیوەست بە ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز و كۆتایی هێنان بە دانوستانە تەكنیكییەكان.

ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ بەردەوامبوونی ڕێڕەوی دانوستان لە نێوان واشنتۆن و تاران، سەرەڕای گرژییە ئەمنییەكانی ئەم دواییە، لە كاتێكدا ئیدارەی ئەمریكا گرەو لەسەر چەسپاندنی ئاگربەستەكە دەكات بە تەواوكردنی دانوستانە تەكنیكییەكان و جێبەجێكردنی مەرجەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو