بڕیارەكەی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی نیشتمانیی شیعە بۆ دەستبەرداربوون لە گرووپی سەرایا سەلام و تێكەڵكردنی بە حكومەت، بە وەرچەرخانێكی ستراتیژی و دەستپێشخەرییەكی گرنگ دادەنرێت بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.
دوای بڕیارەكەش، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پێشوازی لە هەڵوێستە نیشتمانی و بەرپرسیارانەكەی موقتەدا سەدر دەكەن، كە ئامانج لێی پاڵپشتیكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، چەسپاندنی شكۆ و سەروەریی یاسایە. داواشی لە سەرجەم گرووپە چەكدارەكانی تر كرد، چاو لەو هەنگاوە بكەن و بچنە ژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە رەسمیەكان.
هاوكات هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەڵوێستەكەی موقتەدا سەدری بە هەنگاوێكی گرنگ لە پشتیوانیكردنی شكۆی دەوڵەت و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا ناوبرد و داواشیكرد، بەردەوامی بەو هەنگاوانە بدرێت كە هاوكار دەبن بۆ ئەوەی چەك تەنیا بەدەستی دەوڵەتەوە بێت.
هەنگاوەكەی موقتەدا سەدر چاوەڕواندەكرێت فشاری زیاتر بخاتە سەر گرووپە چەكدارەكانی تر، بەتایبەت كە ئەمریكا دژی بەشداریكردنیانە لە حكومەت و هەڵوەشاندنەوەیانی كردووەتە مەرجی پشتیوانیكردنی حكومەتەكەی عەلی زەیدی.
مەناف موسەوی شرۆڤەكاری سیاسیش دەڵێت، هەندێك لە گرووپەكان ئامادەییان پیشانداوە چەكەكانیان تەسلیم بكەن، بەڵام دەیانەوێت لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا دەستكەوتی سیاسی و پۆست لە حكومەت وەربگرن.
موقتەدا سەدر لە 11ـی حوزەیرانی 2014 و رۆژێك دوای كۆنترۆڵكردنی ڕووبەرێكی فراوانی عیراق لەلایەن داعشەوە، بڕیاریدا گرووپی سەرایا سەلام بۆ پاراستنی مەزارگەكان دروستبكات، دوای 12 ساڵیش سەدر بڕیاریدا گرووپی سەرایا سەلام هەڵبوەشێنێتەوە و تێكەڵ بە دامەزراوە سەربازییەكانی دەوڵەتی بكات.