سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەندەر عەباس لە باشووری ئێران، بنكەیەكی ئاسمانیی هێزەكانی ئەمریكایان كردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەنراوێكی سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێرشبەری ئەمریكی خاڵێكیان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەندەر عەباس كردووەتە ئامانج، لە بەرامبەردا هێزەكانی ئێران وەڵامیان داوەتەوە و ئەو بنكە ئاسمانییەیان كردووەتە ئامانج كە فڕۆكەكانی لێوە ئاڕاستەكرابوون.
لە كاتێكدا سوپای پاسداران وردەكاری زیاتری لەبارەی شوێنی بنكە ئاسمانییەكە و قەبارەی زیانەكان ئاشكرا نەكردووە، راپۆرتە میدیاییەكان باس لە بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەكان لە ناوچەی كەنداو دەكەن.
هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، میدیا نێودەوڵەتییەكان بڵاویانكردەوە، سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانی كوەیت، رووبەڕووی هێرشێكی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بوونەتەوە. ئەم گرژییە نوێیە لە كاتێكدایە، كە گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران لە پەرەسەندنی بەردەوامدان و هەردوولا بەردەوام یەكتر بە ئەنجامدانی هێرش و جووڵەی ئەمنی لە ناوچەكە تۆمەتبار دەكەن.