كەشناسی هەرێم: خۆڵبارین تائێوارەی ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت

کوردستان 12:25 PM - 2026/05/28

بەپێی پێشبینیەكانی كەشناسی هەرێم، شەپۆلێكی تری خۆڵبارین ناوچەكە دەگرێتەوە و كاریگەرییەكانی تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، پێشبینییەكانی كەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوكردەوە و ، ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ بەگشتی ئاسمان  نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بوونی تۆزێكی سوك لە كەشدا، پلەكانی گەرماش بەراورد بە تۆماركراوەكانی رۆژی چوار شەممە ، بە رێژەی دوو بۆ سێ پلە بەرزدەبێتەوە.

كەشناسی هەرێم راشیگەیاند، سبەینێ هەینی، ئاسمان  نیمچە هەور دەبێت، پێشبینی دەكرێت لە كاتەكانی بەیانییەوە شەپۆڵێكی تۆز و خۆڵ روو لە ناوچەكە بكات.

بەپێی پێشبینیەكان، سەرەتا كاریگەری شەپۆلەكە ناوچەكانی باشوور و رۆژئاوای هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، پاشان لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆوە زۆربەی ناوچەكان دەگرێتەوە و كاریگەرییەكەی تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو