زێر نزمترین ئاستی لە ماوەی دوو مانگدا تۆماركرد

کوردستان 11:51 AM - 2026/05/28

بەهۆی بەهێزبونی دۆلار‌و بەرزبوونەوەی ترسی هەڵئاوسان دوای هێرشە نوێیەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نرخی زێڕ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیكەی دوو مانگدا تۆمار كرد.
لە مامەڵەكانی ئەمڕۆدا نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.7% دابەزی و گەیشتە چوار هەزار و 380  دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك، سەبارەت بە كانزا بەنرخەكانی تریش ، نرخی زیو بەڕێژەی 3% دابەزی و گەیشتوەتە 72 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك، لە كاتێكدا پلاتینۆم بەڕێژەی 1.4% دابەزیووە و گەیشتوەتە هەزار و 890 دۆلار. 

مات سیمپسۆن شرۆڤەكاری ستۆن ئێكس رایگەیاندووە، بەردەوامی گێژاوی جیۆپۆلەتیكی و نەبوونی نیشانە روونەكانی رێككەوتنی ئاشتی پاڵپشتی خواست لەسەر دۆلار دەكەن، ئەمەش وادەكات زێڕ لەژێر فشاردا بمێنێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەلیسا كوك، پارێزگاری یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا رایگەیاند، رەنگە بانكی فیدراڵی بۆ ئێستا رێژەی سوود وەك خۆی بهێڵێتەوە، لە هەمان كاتدا ئامادەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئەگەر فشارەكانی نرخ كە لە ئەنجامی باج و جەنگی ئێران و وەبەرهێنانەكانی پەیوەست بە زیرەكی دەستكرد بەردەوام بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو