رێگەیەكی نوێ بۆ لەناوبردنی ڤایرۆس دەدۆزرێتەوە

عیراق 03:13 PM - 2026/05/28

زانایان رێگەیەكی نوێیان بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسە مەترسیدارەكان داهێناوە، كە تەنها بە دەنگ و بەبێ هیچ دەرمانێك، لەڕێی شەپۆلە دەنگییەكانەوە وا لە ڤایرۆسەكە دەكەن بلەرزێت تا لە ناوەوە دەتەقێتەوە.

ئەم رێگەیەش تیۆرێكی پزیشكی نییە، بەڵكو ئەنجامی توێژینەوەیەكی زانستیی نوێیە، كە لە گۆڤارێكی زانستی بڵاوكراوەتەوە و تێیدا زانایانی زانكۆی ساوپاولۆ لە بەرازیل ئاشكرایان كردووە، توانیویانە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەنفلۆنزا لەناو ببەن بە بەكارهێنانی شەپۆلی سۆنەر، بە هەمان ئەو تەكنەلۆژیایەی، كە لە ئامێرەكانی سۆنەری نەخۆشخانەكاندا بەكاردێت.

ئەم دۆزینەوەیەش لە ناوەندە پزیشكییەكاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، چونكە دەرگایەكی نوێ بۆ داهاتووی پزیشكی دەكاتەوە، بەهۆی خاڵێكی زۆر گرنگەوە، چونكە پێشتر كێشەی گەورەی پزیشكی لەگەڵ ڤایرۆسەكاندا، گۆڕانی بەردەوامی جینی بوو، كە دەبووە هۆی ئەوەی دەرمان و ڤاكسینەكان دوای ماوەیەك كاراییان نەمێنێت، بەڵام لەم بیرۆكە بلیمەتانەیەدا، زانایان هێرش ناكەنە سەر جینەكان یان پرۆتینەكان، بەڵكو هێرش دەكەنەسەر شێوەی فیزیكی خودی ڤایرۆسەكە.

ئەمەش بەو مانایەیە، كە تەنانەت ئەگەر ڤایرۆسەكە گۆڕانی جینی بەسەردا بێت، هێشتا بەرامبەر ئەم لەرینەوانە لاواز دەبێت، چونكە شێوەی دەرەوەی زۆر ناگۆڕێت. بەمەش ئەم جۆرە چارەسەرە بەرامبەر هەموو جۆرە گۆڕاوە نوێیەكانی ڤایرۆسەكە كاریگەر دەبێت.

ئەم تەكنەلۆژیایە هێشتا لە سەرەتادایە و تاقیكردنەوەكان تەنها لە ناو تاقیگەدا  ئەنجامدراون و هێشتا لەسەر مرۆڤ یان ئاژەڵ تاقینەكراونەتەوە و  كاتێكی زۆری دەوێت تا دەگاتە نەخۆشخانەكان، بەڵام ئەگەر بە رەسمیی پەسەند بكرێت، دەكرێت داهاتووی پزیشكی بگۆڕێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو