پەرلەمانی عیراق بڵاویكردەوە، سبەینێ پێنجشەممە دەنگ لەسەر بەرنامە وەزاریەكەی عەلی زەیدی كاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دەدرێت.
خشتەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی عیراق سبەینێ پێنج شەممە 14 ی ئایاری 2026 ، لە یەك بڕگە پێكدێت، ئەویش دەنگدانە لەسەر بەرنامەی وەزاری عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، دانیشتنەكەش سەعات چواری ئێوارە بەڕێوەدەچێت.
لە 26ی نیسانەوە عەلی زەیدی لەلایەن نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕاسپێردراوە، دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەك تاكە كاندیدی خۆی بۆ پۆستەكە ڕایگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە حەوتی ئایاری 2026 عەلی فالح زەیدی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق، كارنامەی حكومەتەكەی پێشكەش بەهەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كرد.
ئێستا عەلی زەیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، لەنیوەی ئەو ماوە دەستوورییەدایە كە 30 ڕۆژە و بۆی دیاریكراوە.
بەپێی بەرنامەی دانیشتنەكەی رۆژی پێنج شەممەی پەرلەمانی عیراق،تەنها دەنگ لەسەر بەرنامە حكومیەكەی عەلی زەیدی دەدرێت، واتە پێدەچێت دەنگدان لەسەر وەزیرەكان لە هەمان دانیشتندا یەكلایی نەكرێتەوە.
ئەو دانیشتنە لەكاتێكدایە، چەند رۆژێك بوو باس لەوەدەكرا، ڕەنگە دانیشتنەكە بەهۆی ناكۆی لایەنەكان لەسەر پۆستە وەزارییەكان دوابخرێت.
كاندیدكردنی عەلی زەیدی پاش كشانەوەی هەریەك لەنوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان هات لە كاندیدبوون.
دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لەعیراق ساڵانێكە پشت بە سیستمی خاڵ دەبەستێت، كە بەپێی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر لایەنەكاندا دابەش دەكرێت، هەر وەزارەتێك بەرامبەرە بە چەند خاڵێك، ئەو لایەنانەشی كەمتر لە 10 كورسییان لە پەرلەمانی عیراق هەیە هیچ وەزارەتێك وەرناگرن.
عەلی زەیدی ئەگەر كابینەكەی دەنگی پێبدرێت، دەبێتە گەنجترین سەرۆكوەزیرانی عیراق، پێشتر لەبواری بازرگانیی و بانك كاریكردووە و بەدوور بووە لە سیاسەت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەركی داهاتووی قورس بێت.