دەنگدان بە كابینەكەی عەلی زەیدی دواخرا

کوردستان 01:50 PM - 2026/05/12

 هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق كۆببیتەوە و دەنگی پێبدات، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی تر دواخرا، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ئەگەر لە دوو رۆژی داهاتوودا دەنگ بە كابینەی حكومەت نەدرێت، ئەوە پرۆسەكە دەكەوێتە دوای جەژن.
سروە محەمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، هەرچەندە چاوەڕوان بووین، ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پرسی دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، بخرێتە كارنامەی دانیشتنەوە، بەڵام دانیشتنەكە ئەمڕۆ ئەنجام نادرێت و دواخرا.


راشیگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، لە 3ی5وە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەوتە پشووی یاسا دانانەوە، بەڵام لە پێناو دەنگدان بە كابینەی حكومەتی نوێی عیراق، مانگێگ كاركردنی ئەنجومەنەكە درێژكرایەوە، ئەوەشی خستەڕوو، لەئەگەری دەنگنەدان بە كابینەكە لەو وادەیەدا، بەدڵنیاییەوە دانیشتنەكە دەكەوێتە، دوای پشووەكانی جەژنی قوربان و پشووی ئەنجومەنەكەوە.

لەبارەی بە پڕنەكردنەوەی سەرجەم پۆستە وەزارییەكان، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بەپێی دەستوور، دەتوانرێت بەشێكی كەمی پۆستە وەزارییەكان پڕ نەكرێنەوە و لەكاتێكی تردا، دەنگ بەو پۆستە وەزارییانە بدرێت، بەتایبەت ئێستا كە بەشێك لە وەزارەتە ئەمنییەكان مشتومڕیان لەسەرە، بەڵام دەكرێت ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بە سەرۆك وەزیرانی نوێ و بەشێكی زۆری كابینەكەی بدات.

بەپێی دەستوور، لەدوای راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت، ماوەی مانگێك دەدرێتە كەسی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، رۆژی 27ی 4ی 2026، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق، عەلی زەیدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ راسپارد، ئێستا نیوەی كاتەكە رۆیشتووە و زەیدی 16 رۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو