هەر كەسێك لە ئۆتۆمبێلەوە زبڵ فڕێبدات بە 40 هەزار دینار سزا دەدرێت

کوردستان 02:33 PM - 2026/05/12

بەپێی بڕیارێك، لەمەودوا لە هەرێمی كوردستان، هەر كەسێك لە ناو ئۆتۆمبێلەوە یان لەسەر ماتۆڕسكیلەوە زبڵ فڕێبدات بە 40 هەزار دینار سزا دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان لە ئاگادارینامەیەكدا رایگەیاند، پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ئاگاداری شۆفێران و سەرنشینان دەكەنەوە، بۆ پاراستنی ژینگە و ڕاگرتنی پاك و خاوێنی كوردستان، قەدەغەیە شۆفێر یان سەرنشین لە كاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل هەر جۆرە زبڵ و خاشاكێك فڕێ بداتە سەر شەقام و شۆستەكان، بەپێچەوانەوە 40 هەزار دینار سزای بۆ رەوانە دەكرێت.

 بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەم سزایە زیاد دەكرێت بۆ هەموو سیستمەكانی تۆماركردنی سەرپێچی وەكو "پی دی ئەی" و كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی و چاودێری.

 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی رایگەیاندووە، دەسەڵات دەدرێت بە ئەفسەری هاتووچۆ بۆ سەپاندنی ئەو سزایە راستەوخۆ لە كاتی بینینی، یان لەو كاتەی بە ڤیدیۆی تۆماركرا و لە لایەن هاووڵاتیینەوە بۆ پلاتفۆرمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ رەوانە دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەكە، داوا لە هاووڵاتیان دەكات هاوكاری پاراستنی ژینگە بكەن و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاك بپارێزن، هەروەها هاوكار بن لە ئاگادار كردنەوەی پۆلیسی هاتوچۆ لە سەرپێچیكاران بە ناردنی ڤیدیۆ و وێنە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو