رۆژنامەی ڕەسمی عیراق: لە 80% پۆستە وەزارییەكانی كابینەی نوێ‌ یەكلاكراونەتەوە

عیراق 11:23 AM - 2026/05/13

رۆژنامەی سەباحی ڕەسمی عیراق ئاشكرایكردووە، لە 80% پۆستە وەزارییەكانی كابینەی نوێ‌ یەكلاكراونەتەوەو هەندێك كێشەی بچووك ماون، باس لەوەشدەكات ئەگەر سبەینێ‌ پەرلەمان كۆنەبێتەوە دانیشتنەكە دەكەوێتە رۆژی یەك شەممە.

رۆژنامەی سەباحی ڕەسمی عیراق بڵاویكردەوە، هەوڵە سیاسییەكان بەردەوامن بۆ كۆتایی هێنان بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لەگەڵ پێشكەوتنی بەرچاو لە لێكتێگەیشتن لە نێوان هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستە وەزاریییەكان كە بەپێی خەمڵاندنەكانی پەرلەمان نزیكەی 80%ی یەكلاكراوەتەوە، تەنها چەند ناكۆكییەكی بچووك ماوە سەبارەت بە وەزارەتە سیادی و ناوی هەندێك لە كاندیدەكان.

وەك ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە، پێشبینی دەكرێت سبەی پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر بەرنامەی حكومەت و كابینەی حكومەت، ئەوەش دوای تەواوبوونی زۆربەی رێككەوتنە سیاسییەكان و یەكلاییكردنەوەی زۆرینەی كاندیدەكان، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەی تری پەرلەمان پێیانوایە ڕەنگە دانیشتنەكە بۆ ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو دوابخرێت، ئەگەر هەندێك لە ئاستەنگەكان بەردەوام بن.

لەلایەن خۆیەوە، عادل ركابی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە،  دوو لەسەر سێی كابینەكەی عەلی زەیدی لە دانیشتنی پەرلەمان پەسەند دەكرێت، بەڵام سێیەكی كۆتایی دوادەخرێت تا ئەوكاتەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە بەشداریكردنی گرووپەكان لە حكومەتەكەی زەیدی كۆتایی دێت.

ركابی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆیندا وتوویەتی، زۆرینەی ئەو گرووپ و لایەنانەی خاوەنی چەكن، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە دەبێت رادەستی دەوڵەتی بكەن، بەڵام ناكۆكی ئێستا پەیوەندی بە میكانیزمی رادەستكردنەكە و ئەو قەوارەیە هەیە كە وەریدەگرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی سادیقون دەڵێت، ئامادەیی هەیە بۆ رادەستكردنی چەك و ناڕەزایی نییە بۆ ئەمە، بەڵام بەو مەرجەی لە رێگەی میكانیزمی عیراقییەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها لیژنەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سەرپەرشتی رادەستكردنەكە بكات و بدرێت بە دەستەیەكی ڕەسمی حكومی كە لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندابێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو