لەئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی چواری مووچە خۆرانی هەرێم دەكرێت و، تا رۆژی شەممەی داهاتوو سەرجەم مووچە خۆران و خانەنشینان مووچەكانیان وەردەگرن.
دوای ئەوەی دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رۆژی یەك شەممە زیاتر لە 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی تەسلیمی بەغداد كرد،هەر هەمان رۆژ تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵ ئیمزای لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرد و نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەش بڕی 663 ملیار و 805 ملیۆن دینار وەك بەشێك لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق و رۆژی سێ شەممەش ئەوی بڕی تری كە مابوو خرایە سەر هەژماری هەرێم ، راستەوخۆ دوای گەیشتنی پارەكە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی بڵاوكردەوە ،
بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاوكراوەتەوە لە ئەمڕۆوە دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و ڕۆژی شەممە 16ی ئایاری 2026 كۆتایی بەدابەشكردنی مووچە دێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایش،لەگەڵ ئەوەی بەپێی خشتەكە مووچەی خانەنشینانی سەربازی بەشێوەی كاش ڕۆژی پێنجشەممە دابەش دەكرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی لەڕێی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن، دەتوانن ئەمڕۆ مووچەكانیان لە رێی ئامێرەكانی راكێشانی پارە ( ئەی تی ئێم ) وەربگرن.