بەحرەین 41 كەسی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەستگیركرد

عیراق 11:23 AM - 2026/05/10

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە رێكخراوێكیان هەڵوەشاندووەتەوە كە تۆمەتبارە بە هەبوونی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێران و 41 ئەندامیان دەستگیركردوون.

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە راگەیەندراوێكدا وتی: بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی پێشتر لە لایەن داواكاری گشتییەوە لەسەر سیخوڕیكردن بۆ لایەنی بیانی و هاوسۆزی بۆ هێرشەكانی ئێران كرابوون، دەزگا ئەمنییەكان رێكخراوێكی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە.

وەزارەتەكە رایگەیاند، تاوەكو ئێستا 41 كەس لەو چوارچێوەیەدا دەستگیركراون. بەحرەین كە وڵاتێكی زۆرینە شیعەیە و لەلایەن بنەماڵەیەكی سوننەوە بەڕێوەدەبرێت، ناوەندی یەكێك لە گەورەترین بنكە سەربازییەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكە.

ئەم وڵاتە لەم دواییانەدا بەهۆی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ناوچەی كەنداو زیانی زۆری بەركەوتووە، كە تاران وەك وەڵامێك بۆ گورزەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەیكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو