واشنتۆن سوورە لەسەر جێبەجێكردنی سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەر تاران و رایدەگەیەنێت، ئەو مۆڵەتەی بۆ فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران درابوو لە 19ی نیسان كۆتایی دێت و نوێ ناكرێتەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، بەنیاز نین ئەو مۆڵەتە كاتییە درێژ بكەنەوە كە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران درابوو. وەزارەتەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە ،سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەر تاران وەك خۆی دەمێنێتەوە و واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە ڕێگریكردن لە سەرچاوە داراییەكانی حكومەتی ئێران.
ئەم مۆڵەتە كاتییە تایبەت بوو بەو بڕە نەوت و بەرهەمە نەوتییانەی ئێران كە پێش ڕێككەوتی 20ـی ئادار لە ناو كەشتییە نەوتهەڵگرەكاندا بار كرابوون.
بەپێی بڕیارەكانی پێشوو، ئەم رێگەپێدانە تا 19ـی نیسان كاری پێ دەكرێت و دوای ئەو وادەیە، هەر جۆرە فرۆشتن و گواستنەوەیەكی نەوتی ئێران رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
ئەم ڕێوشوێنە لە سەرەتادا بەشێك بوو لە زنجیرەیەك هەنگاوی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا.
قەیرانی وزە دوای هێرشەكانی 28ـی شوباتی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەریهەڵدا، كە تێیدا واشنتۆن بۆ ڕێگریكردن لە هەڵاوسان، بەشێك لە سزاكانی سەر فرۆشتنی غازی روسیا و نەوتی ئێرانی بە شێوەیەكی كاتی سووك كردبوو.